وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەبارەی سەردانەکەی بارزانی بەیاننامەیەک بڵاودەکاتەوە

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەبارەی سەردانەکەی بارزانی بەیاننامەیەک بڵاودەکاتەوە
نووسینگەی وەزیری دەرەوەی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا ئامانجی سەردانەکەی مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو وڵاتە ڕوون دەکاتەوە و دەڵێ "بارزانی دۆخی ناوچەکە ڕوون دەکاتەوە".



نووسینگەی "مەولود چاوشئۆغلۆ" وەزیری دەرەوەی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا رایدەگەیەنێ ئەمڕۆ چوارشەممە (9\12\2015) مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی تورکیا دەکات و بڕیارە سەرەتای کۆبوونەوەکەی لە شاری ئەنقەرە بێت لە کۆشکی "چان کایە" و لەوێ چاوی بە "رەجەب تەیب ئەردۆغان" سەرۆک کۆماری تورکیا و "ئەحمەد داود ئۆغلۆ" سەرۆک وەزیرانی تورکیا بکەوێت.


لەبارەی ئامانجی سەردانەکەوە لە بەیاننامەکەدا ئەوە خراوەتەروو کە باسی پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان و سەرکەوتن بەسەر داعش و پتەوکردنی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە بێت.


ئەوەش دەخاتەڕوو کە بابەتی دووەمی کۆبوونەوەکە پرسی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لە ناوچەکە و مەترسی بۆ سەر ناوچەکە، دواتر پرسی پەیوەندی تورکیا و عێراق و ئەو بابەتەکەی کە ئێستە لە میدیا عێراقییەکانەوە باسی لێوە کراوە، ئەویش هێزی تورکیایە لە عێراق.


پێشتر سەرۆک بارزانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا رایگەیاند لەسەر بانگهێشتی فەرمی سەرۆک کۆماری تورکیا سەردانی ئەو وڵاتە دەکەم باسی زۆر پرسی سیاسی و گۆڕانکاری ناوچەکە دەکرێت.




باسنیوز
Top