ئەڵمانیا دوو فڕۆکەی جەنگی و سەرباز دەنێرێتە باکووری کوردستان

 ئەڵمانیا دوو فڕۆکەی جەنگی و سەرباز دەنێرێتە باکووری کوردستان
سوپای ئاسمانیی ئەڵمانیی رایگەیاند، کە دوو فڕۆکەی جەنگیی و چوار سەربازیان ناوردووەتە باکووری کوردستان، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان لە دژی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش).



ئێوارەی رۆژی سێشەممە هێزی ئاسمانیی ئەڵمانیا رایگەیاند، کە سەربازەکانیان لە بنکەی سەربازیی یاگل لە باکووری ئەڵمانیا، بە فڕۆکەیەکی A400M و دوو فڕۆکەی سەربازیی جۆری تۆرنادۆ، لە کاتێکی دیکەدا دەنێردرێنە باکووری کوردستان و تورکیا.



ئەو دوو فڕۆکە جەنگییە (تۆرنادۆ)، کە بڕیارە بکرێنە شەش فڕۆکە، چاودێریی ئاسمانیی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی داعش دەکەن و بڕیارە رۆژی پێنجشەممە فڕۆکەیەکی پشتیوانیی جۆری A300 یش بنێردرێتە بنکەی سەربازیی ئەنجەرلیک لە باکووری کوردستان.



دوای هێرش و تەقینەوەی تیرۆریستییەکانی ئەندامانی داعش لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا لە نێوەڕاستی مانگی رابردوو، پەرلەمانی ئەڵمانیا رەزامەندیی دەربڕی لەسەر ناردنی 1200 سەرباز و شەش فڕۆکەی جەنگیی بۆ باکووری کوردستان بۆ چاودێریکردنی داعش و بەشداریکردن لە شەڕی ئەو رێکخراوە.







باسنيوز
Top