وەزارەتی پێشمەرگە: بە کێشەی تورکیا و عێراق خۆمان سەرقاڵ ناكەین
عەمید روکن هەژار عومەر، بەرپرسی هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند "لە ئەگەری شەڕی تورکیا و عێراق، پێشمەرگە بەشێک نابێت لەو کێشەیە و خۆی پێوە سەرقاڵ ناكات، ئەوەشی دەگوزەرێت کێشەیەکی سیاسییە نەک سەربازی".
هەژار عومەر گوتیشی "چەندین راوێژکاری سوپای تورکیا پێشتر لە سلێمانی و هەولێر مەشقیان بە پێشمەرگە کردووە، پێش سەرهەڵدانی ئەم کێشەیەش لە سنووری نەینەوا مەشقیان بە چەکدارانی حەشدی نیشتمانی و پۆلیسی نەینەوا کردووە، بۆیە ئەوەی ئێستا هەیە بە ململانێی سیاسی دەزانم".
هاوكات رۆژی سێشەممە 8-12-2015، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەوەڵامی پرسیارێكی رووداودا لەسەر هەمان بابەت گوتی "پێشتر توركیا قسەی لەگەڵ بەغدا كردووە و رێككەوتنیشیان لەگەڵ حكومەتی محەلی پێشووی موسڵ هەبووە، بۆ ناردنی هێزێك بەمەبەستی هاوكاریكردنی عەرەبە خۆبەخشەكانی موسڵ لەكاتی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی پارێزگاكە".
سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەروەها گوتی " هەرێمی كوردستان لایەنێك نییە لە كێشەكە، من سبەی لە توركیاش باسی بابەتەكە دەكەم، قسە لەگەڵ بەغداش دەكەین، بەڵام ئەگەر هێزەكە بۆ شەڕی داعش هاتبێت كارێكی باشە".
ناردنی ئەم هێزە كاردانەوەی تووندی بەرپرسانی باڵاو لایەنەكانی عێراقی لێكەوتەوە. رۆژی یەكشەممە 6-12-2015 ، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بەسەرۆكایەتیی حەیدەر عەبادی، پرسی هاتنی هێزەكەی توركیای بۆ خاكی عێراق تاوتوێكرد و ماوەی 48 كاژێر مۆڵەتی بۆ كشانەوەی هێزەكە دیاریكرد.
لەبەرامبەریشدا ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆكوەزیرانی توركیا رۆژی دووشەممە 7-12-2015، لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی توركیا رایگەیاند "ئامادەبوونی هێزی ئێمە لە عێراق وەك هەموو دەوڵەتەكانی دیكە بۆ راوێژ و راهێنانە و بۆ هیچ شتێكی نهێنی نییە، هەروەها لەسەر داوای وەزارەتی بەرگریی عێراق ناردوومانە و ناكشێینەوە".
رووداو
