سیاسەتەكانی نوری مالیكی و بەشار ئەسەد ژینگەی عێراق و سووریایان والێكرد بە ئاسانی تیرۆریستان گەشەی تێدا بكەن
ئالام پاییند هەروەها گوتی: سعودیە حەزی لە هیچ یەكێك لەو گرووپانە نەبووە، وەك دەزانین قاعیدە و ئوسامە بن لادن رێگەیان پێنەدرا لە سعودیە كار بكەن، هەرچەندە بن لادن هاونیشتمانی سعودی بوو، بەڵام مافی هاونیشتمانی لێسەندرابووەوە، هەر لەبەر ئەوەش لە سودان بوو، پاشان چوو بۆ ئەفغانستان، سعودیە بێبەری كردبوو، هەر ئەمەش نا، بەڵكو ئەوانەی پەلامارەكانی ١١ی سێپتەمبەریان لە ئەمەریكا ئەنجامدا، پانزەیان لە سعودیەوە هاتبوون و دووانیان لە میسرەوە، یەكەم كاری تیرۆریستی قاعیدە و ئوسامە بن لادن لە سعودیە سەریهەڵدا لە تاوەری خوبار كە ژمارەیەك سعودی كوژران، بۆیە سعودیە دژی هەموو گرووپە توندڕەوەكان بووە، ئیتر قاعیدە بێت، یان ئیخوان، یان گرووپی تەكفیر و هیجرە جیاوازەكان وەك تاڵیبانەكان لە ئەفغانستان، واتە سعودیە حەزی لە گرووپە توندڕەوەكان نییە و ئەم وڵاتە پێویستی بە گۆڕانكاری بچووكی شۆڕشگێرانە هەیە و سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەكەدا دەوێت و گرووپە توندڕەوەكان كێشە دروستدەكەن بۆ سەقامگیری و ناسەقامگیری لە ناوچەكەدا، سعودیە نایەوێت هیچ ناسەقامگیرییەك لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبێت، یان لە هەر شوێنێكی جیهاندا، بۆیە نەوتی خۆی دەفرۆشێت و كاروباری خۆی هەیە و بۆ خۆی دەژی بە باشی ئەگەر جیهان لە ئاشتی سەقامگیریدا بێت.
شايانى باسه پاییند هەروەها گوتی: هەموو وڵاتانی كەنداو ئەندامی جامیعەی عەرەبین، بەڵام ئەم جامیعەیە ناكارایە و میكانیزمی بەسوودی نییە. بۆیە وڵاتەیەكگرتووەكان و بەریتانیا و فەڕەنسا چاوەڕوان ناكەن وڵاتانی كەنداو هێزی زەمینی بۆ شەڕی دژی داعش بنێرن، بەڵكو ئەو وڵاتە عەرەبییانە چاوەڕوان دەكەن ئەمەریكا و بەریتانیا ئەمە بكەن و تەنیا بەكەمی هێرشی ئاسمانییان كردووە، بۆیە ئەمە شتێكە كە رای گشتی ئەمریكی زۆر دژیەتی و پێیانوایە ئەمە كێشە و مەسەلەیەكی عەرەبییە و بۆچی وڵاتانی عەرەبی و جامیعەی عەرەبی هیچ ناكەن لە دژی ئەو گرووپە تیرۆریستییانە و داعش، ئەوان هیچیان نەكردووە و هەموو كەس ئەمە دەزانێت و سعودیەكان دەزانن كە حكومەتەكەیان زۆر كاری لەبارەیەوە نەكردووە، داوا لە ئەمەریكا و ئەوانی دیكە دەكەن كە كارەكە بكەن، ئەمەش روونادات، لەوانەیە بیكەن، بەڵام لە هەمانكاتدا پێویستیان بە جۆرێك لە تێوەگلانی وڵاتانی كەنداو دەبێت.
لە كۆتایی قسەكانیدا ئالام گوتی: هەموو كەس دەزانێت هێزە كوردییەكان شەڕ لەگەڵ داعش دەكەن و هەروەها هەندێك توركمانیش هەن شەڕ لەگەڵ داعش دەكەن و هەروەها سوپای سووریای ئازاد و ئەوانی دی لە سووریا شەڕ دەكەن، بەڵام ژمارەیان زۆر كەمە و ناتوانن بە تەنیا شەڕەكە بكەن و پێویستیان بە پارە و چەك هەیە. هەروەها پێویستە هێزی دیكە هەبێت، واتە پێشمەرگە و ئەوانەی ناومان بردن ناتوانن بە تەنیا كارەكە بكەن، هەروەك وتت ئەمە هەڕەشەیەكی جیهانییە، ئەگەر هەڕەشەیەكی جیهانییە، ئەوا دەبێت ستراتیژیەكی جیهانی هەبێت لە دژی. بۆیە ئەگەر هەڕەشەن بۆ سعودیە و ئیمارات و قەتەر و كوەیت و میسر و سووریا و عێراق، ئەوا دەبێت هەموویان شەڕی لەگەڵ بكەن. پێموایە لە عێراق گەورەترین هەڵە لەلایەن حكومەتی نوری مالیكیەوە كرا كە بە جۆرێك سیاسەتی كرد.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژماەر(1053)
