وەستا رەسوڵ: بارزانی فەرماندەیەکی کارای ناو بەرەکانی جەنگی دژە داعشە

وەستا رەسوڵ: بارزانی فەرماندەیەکی کارای ناو بەرەکانی جەنگی دژە داعشە
لیوا وەستا ڕەسوڵ، فەرماندەی میحوەری چواری باشووری کەرکووک لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتی، ڕای گەیاند: "بارزانی فەرماندەیەکی کارای نێو بەرەکانی جەنگە و پلانی ئازادکردنی شەنگالی داڕشتووە، بۆیە ئازادکردنی شەنگال بە سەرکەوتنێکی مێژوویی دەزانم بۆ ھێزی پێشمەرگەی کوردستان"، گوتیشی:" پارتی و یەکێـتی دو ھێزی گەورە و کاریگەرن لە شەڕی داعشدا.


ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش، ھێرشەکانی بۆ سەر ھێزی پێشمەرگەی کوردستان کەم کردووەتەوە، ھۆکار چییە؟



وەستا ڕەسوڵ: داعش دوژمنێکی سەرسەختی ئێمەیە و وەکو ماری سڕ وایە، جاری وا ھەیە خۆی مەڵاس دەدات، جاری واش ھەیە چەکدارەکانی خۆی کۆ دەکاتەوە، بەڵام تا ئێستا داعش وەکو خۆی ماوە، چونکە داعش ھێزێکی پڕچەک کراوە، لەکاتێکدا میلیشیایە و لەکاتێکی دیکەدا ھێزی سەربازییە، بۆیە ھەرکاتێک ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە بیەوێ خۆی ڕێک بخاتەوە دەتوانێ، ڕاستە سەرەتای سەرھەڵدانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش، ھێرشی زۆریان دەکردە سەر ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئێستاش لە ھێرشەکانی خۆی بەردەوامە، بەڵام ئێستا داعش شەڕی بۆ ناکرێت، چونکە فریای ئەو ھەموو شەڕ ناکەوێت و دەرەقەتی ئەو ھەموو شەڕە نایەت. لەگەڵ ئەوشدا، خۆشبەختانە ئێمە بە ورەی پۆڵایینی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و قوربانیی تەواوی شەھیدە سەربەرزەکان، توانیومانە ڕووبەڕووی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە بوەستینەوە و گورزی جەرگبڕیان لێ بدەین. ئێستاش پێشمەرگە ھەمیشە لە حاڵەتی ئامادەباشیدایە و ھەرگیز سڵ لەو ڕێکخراوە تۆقێنەرە ناکاتەوە.



وەستا ڕەسوڵ: داعش لە زۆربەی ناوچەکانی وەکو ڕومادی و بێجی و حەمرین و ئەم ماوەی دواییەش لە شەنگال شەڕی قورسی لەسەر بووە، ھەروەھا ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە کاتی پێویستدا بە فڕۆکەی جەنگیی بۆردومانی مۆڵگەکانی داعش دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا لەلایەن شەڕڤانان و بەرەکانی سوپای سووریاوە ھێرشی سەربازی دەکرێتە سەر داعش لە خاکی سووریا و رۆژئاوا، بۆیە ئەم فشارە سەربازییانە بۆ سەر ڕێکخراوی داعش پێمان دەڵێت، ئێستا ڕێکخراوی توندڕەوی داعش تووشی تێکشکاندن و شکستێکی گەورە بووە و زاتی ئەوەیان نەماوە لەگەڵ ھێزی پێشمەرگەی کوردستان شەڕ بکەن، بەڵام ئێستاش ڕۆژانە زیاتر لە چل مووشەکی ھاوەن لە سەنگەرەکانی ئێمە دەدرێت.


(باس) بە بۆچوونی ئێوە داعش چۆن تەماشای ھێزی پێشمەرگە دەکات؟



وەستا ڕەسوڵ: بێگومان داعش بە چاوێکی پڕ لە ترسەوە سەیری ھێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکات، لە ماوەی ڕابردوودا ھێزی پێشمەرگە سەرکەوتنی مێژوویی تۆمار کردووە و پەیتا پەیتا بەرەو قۆناغی سەرکەوتنی یەکجاری ھەنگاو دەنێت، ئێستا داعش وەکو جاران ناتوانێت ڕووبەڕووی ھێزی پێشمەرگە بوەستێتەوە، بەڵام ئەمەش مانای ئەوە ناگەیەنێت، بڵێین ئیتر تەواو خۆری دوژمنەکەمان ئاوا بووە. ھەروەھا پێشمەرگە بەرلەوەی بیر لەوە بکاتەوە کەموکورتیی ئیداریی ھەیە و ژیانێکی ناخۆشی ھەیە، یان سەرمای زۆر بوونی ھەیە و مووچە دوادەکەوێت، خۆشبەختانە پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان، ئەوپەڕی مەبدەئین و نیشتمانی خۆیان خۆش دەوێت و دڵسۆزن بۆ خاک و نیشتمانەکەیان. پێشمەرگە دەزانێت داعش ڕێکخراوێکی ترسناکە و دەیەوێت وڵاتەکەمان داگیر بکات و کچەکانمان بەتاڵان ببات، پێشمەرگە لەم ڕاستییانە تێگەیشتووە، ئەمەش وای کردووە ھێزی پێشمەرگە لە خەمی کوردستاندا بێت.



(باس) وەکو فەرماندەیەکی مەیدانیی ھێزی پێشمەرگە، وای دەبینیت، دوای شەڕی داعش، شەڕێکی دیکە بەرۆکی کوردستان دەگرێت؟



وەستا ڕەسوڵ: ھیچ شەڕێک وەکو شەڕی داعش ڕووبەڕووی ھەرێمی کوردستان نابێتەوە، بەڵام ڕەنگە دوای شەڕی داعش، لێرە و لەوێ تەنگژەیەکی لاوەکی لە نێوان گرووپێکی چەکدار، یاخود ھێزەکانی حەشدی شەعبی دروست بێت، چونکە ئەم وڵاتە پڕ بووە لە گرووپی چەکداریی جۆراوجۆر، ئێستاش کۆماری ئیسلامیی ئێران وەکو پێویست جڵەوی ھێزە چەکدارەکانی بەدەستەوە نەماوە.



(باس) بەڵام دەگوترێت، دوای شەڕی داعش، شەڕی حەشدی شەعبی بەڕێوەیە؟



وەستا ڕەسوڵ: حەشدی شەعبی ھێزێکی میلیشیاییە و چەند گرووپێکی جۆراوجۆر دروستی کردوون، بۆیە ناتوانێ لە ناوچەیەکدا بمێنێتەوە کە ھاونیشتمانیانی مەدەنیی خۆی تێدا نەبێت، بۆ نموونە حەویجە و موسڵ و تکریت و ڕومادی. ڕەنگە حەشدی شەعبی وەکو ھێزێکی ناوچەیی بمێنێتەوە، بۆیە دڵنیام حەشدی شەعبی ناتوانێت لەو شوێنانە درێژە بە ژیانی سەربازیی خۆیان بدەن، چونکە پێگەی جەماوەرییان لەو ناوچانە زۆر لاوازە.



(باس) پێشنیازی چی دەکەیت کە بۆ ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بکرێت؟



وەستا ڕەسوڵ: داوا لە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەم، بەزووترین کات ئاوڕێکی جددی لە ژیانی پێشمەرگە بدەنەوە، مووچەی پێشمەرگە لە کاتی خۆیدا دابەش بکەن، پارەی یەدەگ بۆ پێشمەرگە سەرف بکەن، پەرلەمانی کوردستان بڕیاری دابوو بۆ ھەر پێشمەرگەیەک بڕی ٣٠٠ ھەزار دینار سەرف بکرێت، بەڵام بەداخەوە بڕیارەکە نەچووە قۆناغی جێبەجێکردنەوە. ھەروەھا خواردنی شایستە بۆ پێشمەرگە دابین بکرێت، بەڕاستی ئێمە کێشەمان زۆرە، چونکە پێشمەرگەی خۆبەخش ھاتوونەتە نێو ڕیزەکانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، بەداخەوە ھەندێکیان شەھید بوون و ژمارەیەکی زۆریش کەمئەندام بوون، تا ئێستا بڕیارێکی لەو جۆرە دەرنەچووە کە ئاوڕ لە ژیانی پێشمەرگە خۆبەخشەکان بدرێتەوە.



(باس) ئازادکردنی شنگال چۆن دەبینیت؟



وەستا ڕەسوڵ: ھەر بستە خاکێکی ئەم نیشتمانە لەدەستی چەکدارەکانی داعش ڕزگار بکرێت بە سەرکەوتنێکی گەورەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستانی دەزانم، شەنگال بە مێژووێکی ڕەش لەدەستمان چوو، خۆشبەختانە بە مێژووێکی پاکەوە ھێنامانەوە.



(باس) لێرە و لەوێ ھەندێ جار باس لەوە دەکرێ، لەم شەڕەدا پێشمەرگەی پارتی وەکو یەکێتیی نەکردووە، یان پێچەوانەکەی دەگوترێ، تۆ دەڵێی چی؟



وەستا ڕەسوڵ: نەخێر ھیچ وانییە، لە سەنگەرەکەی خۆمدا پێشمەرگەی پارتی ھەیە جوامێرانە شەڕی تیرۆریستان دەکات، بۆیە ئەوەی یەکێـتی لە شەڕی داعش کردوویەتی پارتیش بەھەمان شێوە کردوویەتی، ھەروەھا شەڕڤانان و ھێزەکانی دیکەش شەڕی داعشیان کردووە، ئەوانەی کە دەشڵێن پارتی شەڕی نەکردووە قسەی تەفرەقەچییەکانە، چونکە ئێمە وەکو ھێزی پێشمەرگە ھەموومان لە سەنگەرێکدا خوێنمان دەڕژێت، بۆیە گورزی پارتی و یەکێتی و لایەنەکانی دیکە بۆ شەڕی داعش ئاگرین و قەڵا ڕووخێن بووە.



(باس): چۆن لە ئەدای بارزانی دەڕوانیت وەک سەرکردەیەک لە بەرەکانی شەڕدا؟



وەستا ڕەسوڵ: بارزانی فەرماندەیەکی کارایە و ئەو پلانی ئازادکردنی شەنگالی داڕشتووە، کاری باشی بۆ فەرماندەیی ناو ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان کردووە، بۆیە بارزانی ڕۆڵێکی کارای ھەبووە لە شەڕی تیرۆریستانی داعش و ئازادکرنی شەنگالیشدا.

Top