یەکێتی جێگرەوەیەک بۆ تاڵەبانی دادەنێت
سەرچاوەیەکی نزیک لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاشکرای کرد، لەلایەن باڵی دەستڕۆشتووی یەکێتییەوە، پرۆژەیەک گەڵاڵە کراوە تا شوێنی تاڵەبانی وەکو سکرتێری گشتیی یەکێتی پڕ بکرێتەوە .
بەپێی ئەو سەرچاوەیە، بەر لەوەی تاڵەبانی ببرێتەوە بۆ ئەڵمانیا بۆ ئەوەی پشکنین بۆ نەخۆشیەکەی بکرێت، کار لە پڕۆژەیەکدا کراوە بۆ ئەوەی کەسێک لە جێگای تاڵەبانی دابنرێت و وادەی کۆنگرەی داھاتووی یەکێتییش دیاری بکرێت.
بەپێی ئەو سەرچاوەیە دەسترۆشتوانی ناو یەکێتی و ماڵی تاڵەبانی پاش ئەوەی کە زانیاریان سەبارەت تەمەن و مانەوەی تاڵەبانی دەستکەوتووە، دەیانەوێت بۆ ئەوەی بارودۆخی تێکنەچێت (لە ئەگەری کۆچی دوایی تاڵەبانیدا) خۆیان کەسێک دیاری بکەن بۆ شوێنگرتنەوەی.
بەپێی ئەو سەرچاوەیە، بەھۆی ئەوەی ئێستا ھێزی پێشمەرگەی یەکێتی کەوتووەتە بەرەی کۆسرەت رەسوڵ و بەرھەم ساڵحەوە، باڵەکەی تر، ترسی ئەوەیان ھەیە کە ئەگەر تاڵەبانی شتێکی لێ بێت ئەوان ڕاستەوخۆ جێگای بگرنەوە، بۆیە دەیانەوێت ئەم مەسەلەیە بۆ رێکەوت جێ نەھێڵن و زامنی کورسی و دەسەڵاتەکانی تاڵەبانی بکەن.
بەپێی ئەو سەرچاوەیە، زۆرینەی زۆری مەکتەبی سیاسی و دوو جێگرەکەی سکرتێری گشتی لەگەڵ ئەو پرۆژەیەدا نین.
بەپێی ئەو سەرچاوەیە، ئێرانییەکان ئامۆژگاریی ماڵی تاڵەبانییان کردووە تاوەکو تاڵەبانی لەژیاندا ماوە ئەو مەسەلەیە یەکلا بکەنەوە.
مستەفا چاوڕەش ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی بۆ (باس) رای گەیاند، کە ئەوان ئەندامی سەرکردایەتین و ئاگەداری ھیچ پڕۆژەیەکی نوێ نین، ھەر گۆڕانکارییەکیش بکرێ دەبێ لە کۆنگرەدا یەکلا بکرێتەوە و ئێستاش یەکێتی زەمینەی ئەنجامدانی کۆنگرەی نییە، گوتی: “کاتی ئەوەیە یەکێتی لە ناوخۆیدا چارەسەری کێشەکانی بکات و دۆخێک دروست بکات کە بتوانرێ لێیەوە چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزرێنەوە، بەڵام ئەوەی ئێستا تێبینی دەکرێ گرفتەکان بەردەوامییان ھەیە و ھیچ زەمینەیەکی دروست نەبووە بۆ ئەوەی بتوانرێ کۆنگرە ئەنجام بدرێ، چونکە ئەگەر ئەنجامدانی کۆنگرە چارەسەری کێشەکان بکات، ئەوە دەبێت بەر لەوە زەمینە ھەبێت بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەکە بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بێت، ھەر لەوێشدا دەتوانرێ گۆڕانکاری لە سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی و پۆستە باڵاکانی یەکێتیدا بکرێ”.
جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، ئێستا یەکێتی وەکو ھێزێکی ناوبژیوان دەردەکەوێ، گرنگ بوو پێش ئەوە چارەسەری کێشەکانی خۆی بکردایە، ئەوکات دەوری ئێستای کاریگەریی زیاتری دەبوو.
سەبارەت بە کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتییش، نەرمین عوسمان ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ (باس) ئاشکرای کرد، مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە کۆی دەنگ راسپاردەکانی لیژنەکانی چاکسازیی ناوخۆیی یەکێتیی پەسەند کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا میکانزمی جێبەجێکردنیان نادیارە، گوتیشی: “تەواوی ئەو داوایانەی کە ژمارەیەک سەرکردەی یەکێتی ھەیانبوو، پێنج لیژنەیان بۆ پێکھات، لیژنەکان کاری خۆیان تەواو کرد و راسپاردەکانیان بەرز کردەوە بۆ مەکتەبی سیاسی، ئەوانیش بە کۆی دەنگ پەسەندیان کرد، بەڵام تاوەکو ئێستا راسپاردەکان جێبەجێ نەکراون و ئالیەتی جێبەجێکردنیان نادیارە”.
ئەو سەرکردەیەی یەکێتی ئامادە نەبوو ناوەڕۆکی راسپاردەکان ئاشکرا بکات، بەڵام گوتیشی: “ھیچ پڕۆژەی دیکەی نوێ لە سەرکردایەتیی یەکێتیدا بوونی نییە، تەنیا ئەوە ھەیە ئەو راسپاردانەن کە لە لیژنەکانەوە بەرز کراونەتەوە و ئێستا لەلایەن مەکتەبی سیاسیی یەکێتییەوە بە کۆی دەنگ پەسەند کراون”.
باسنیوز
