ڕاگەیەندراوێك لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانەوە لەبارەی بارودۆخی شاری عفرین
ئێمە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان زۆر بە توندی ئیدانەی ئەم كارە قێزەوەن و نامرۆڤانەیە دەكەین كە دەرهەق بە خوشك و برایانمان لە عفرین دەكرێت، لەهەمان كاتدا نەبوونی خۆراك و دەرمان نیگەرانییەكانی ئێمەی زیاتر كردووە كە هەڕەشەی جدی دەخاتە سەر ژیان و گوزەرانی دانیشتوانی عفرین. بۆیە داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین لەئاست بەرپرسیارەتییەكانیاندا بن بەرانبەر شاری خۆڕاگری عفرین و بە جدێ هەوڵی لابردنی ئەو گەمارۆیە بدەن. هەروەها داوا لە ڕێكخراوە خێرخوازییە نێودەوڵەتییەكان دەكەین كار بكەن بۆ گەیاندنی پێداویستییە سەرەكییەكانی ژیان و كردنەوەی ڕێڕەوێكی مرۆیی لەپێناو بەهاناوەچوونی دانیشتوانی ناوچەكە.
بە خوشك و برایانی خۆڕاگرمان لە شاری عفرین و دەوروبەری ڕادەگەیەنین كە ئێمە لەگەڵ ئێش و ئازارەكانتانداین و ئەوەی لەدەستیشمان بێت بۆ هاوكاریكردنتان درێغی ناكەین.
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
7/12/2015
