داواكارییەك لە وەزارەتی كارەباوە بۆ هاونیشتمانیان
لە راگەیێندراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراوە، وەزارەتی كارەبا چەند هۆكارێكی كەمی كارەبای خستوونەتەڕوو، لەوانە هاتنی شەپۆلێكی سەرماو سۆڵە و هەڵكشانی خواستی بەكارهێنانی كارەبا بۆ 4800 مێگاوات كارەبا، لەكاتێكدا ئێستا بڕی بەرهەمهێنانی كارەبا دەگاتە 2900 مێگاوات. هەروەها بەهۆی نەبوونی سووتەمەنییەوە ناتوانرێت 1100 مێگاوات كارەبای دیكە بەرهەمبهێنرێت.
كەمبوونەوەی سووتەمەنی و قەیرانی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان دوو هۆكاری دیكەی كەمی كارەبان، چونكە وەزارەتی كارەبا بودجەی پێویستی لەبەردەستدا نییە بۆ چاككردنەوەی وەرزی وێستگەو تۆڕەكانی كارەباو جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی پێویست.
هەروەها هاتنی زیاتر لە ملیۆنێك و 80 هەزار ئاوارە لە هەرێمی كوردستان بارگرانییەكی زیاتری خستووەتە سەر وەزارەتی كارەبا، بۆیە وەزارەت داوا لە هاونیشتمانیان دەكات هاوكاری حكومەت بكەن بە كەمكردنەوەی بەكارهێنانی كارەبا.
رووداو
