سەرۆ قادر: بەڵگەکان کۆتایی بە ژیانی سیاسیی نەوشێروان مستەفا دێنێ

سەرۆ قادر: بەڵگەکان کۆتایی بە ژیانی سیاسیی نەوشێروان مستەفا دێنێ
(سەرۆ قادر) نووسەر و کەسایەتیی دیاری نێو پارتی، ڕایگەیاند، پارتی دیمۆکراتی کوردستان بە ئەو بەڵگە دەنگیانەی لەبەردەستیدان، سکاڵای یاسایی لەسەر سەرۆکی بزووتنەوەی گۆڕان تۆمار دەکات و، ئەمەیش دەبێ بە کۆتایی ژیانی سیاسیی(نەوشیروان مستەفا).

(سەرۆ قادر) دەربارەی پرسی سکاڵای پارتی هەروەها گوتی: "پارتی بە دڵنیاییەوە (نەوشیروان مستەفا) دەباتە بەردەم دادگا و پاشەکشە ناکات، چونکە ئەو تەنگوچەڵەمەی ئێستا لە ئارادایە (نەوشیروان مستەفا) لێ بەرپرسیارە.. ئێمە مێژوویەکی درێژمان هەیە، نامانەوێت دەسەوتەکانمان لە دەست بدەین، ئەوەی روویداوە کورتهێنان و شکستی حزبێکی سیاسییە کە چانسی ئەوەی هێنا داخلی حکوومەت و پەرلەمان بێت، بەڵام گۆڕان حکوومەتی تووشی تەنگەتاوی و پەرلەمانیشی ئیفلیج کرد.


ئەو جەخت دەکاتەوە کە، "ژیانی سیاسیی (نەوشیروان مستەفا) کۆتایی هات"، گوتیشی، "لاریمان نییە لایەنی نێودەوڵەتییش بەشدار بێت لەو دادگاییە و، پارتی ئامادەیە بەڵگەکان بداتە دەست شارەزایانی بێلایەنی نێودەوڵەتی."


سەرباری ئەوەی کە ئاشکرای نەکرد کە بەڵگەکان لە چ سەرچاوەیەکەوە دەستکەوتوون، بەڵام لەبەرانبەر ئەو تۆمەتبارکردنەدا کە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان سیخوڕی بەسەر ڕێکخەرەکەی گۆڕانەوە کردبێ، (سەرۆ قادر) دەڵێ، "ئەنجوومەنی ئاسایشی کوردستان بۆی هەیە لە هەرشوێنێکی کوردستان چاودێریی فیکری کودەتا و تیرۆر بکات، و دواتر راپۆرتی خۆی بۆ سەرەوە بەرز بکاتەوە و،" ئاماژەیشی دا، بەڵام کێ دەڵێ خەڵکی نیشتیمانپەروەر ئەو بەڵگە دەنگییەی تۆمار نەکردبێت."
دووپاتیشی کردەوە کە، "ژیانی سیاسیی (نەوشیروان مستەفا) کۆتایی هات، دوای ئەوەیش ئەم بەڵگەیە تاوتوو دەکرێت بۆی نییە جارێکی دیکە بێتەوە مەیدانی سیاسەت، چونکە کەسێک بیەوێت تیمی تیرۆر بۆ کۆمپانیاکان بکاتەوە و هەڕەشە لە دیپلۆماتکاران بکات و ئارامیی کوردستان تێک بدات، بێگومان دەبێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت و، پێشبینی دەکەم ژیانی سیاسیی ئاڵۆز ببێت."

لێره‌ كلیك بكه‌ بۆ بینینی ڤیدیۆكه‌

Top