هێمن هەورامی: دەوڵەتی كوردستان پرۆسەیەكە دەستی پێكردووە و دەمانەوێت بە شێوەیەكی ئاشتییانە ئەم دەوڵەتە دابمەزرێت

هێمن هەورامی: دەوڵەتی كوردستان پرۆسەیەكە دەستی پێكردووە و دەمانەوێت بە شێوەیەكی ئاشتییانە ئەم دەوڵەتە دابمەزرێت
لە دیدارێك و پەنێڵكدا كە ئاراستەی بەڕێز هێمن هەورامی كراوه سەبارەت بە دەوڵەتی كوردستان بەڕێزیان دەڵێت: ئەگەر زۆر بە راشكاوی بدوێم ئەوا هەرگیز هەستم نەكردووە عێراقیم، لە بەر ئەوەی عێراق دەوڵەتێكی دەستكردە و ئەگەر بگەڕیێنەوە بۆ سەرەتاكانی ساڵانی بیستەكان ئەوا دەوڵەتێك نەبووە بە ناوی عێراق، بەڵكو سێ ویلایەتی سەر بە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی هەبوون. هەروەها ئێمە تەنیا ئێش و ئازارمان لە عێراقدا بینیوە، هەمیشە دووچاری نەهامەتی و خراپەكاری بووینەتەوە لەسەر دەستی حكومەتەكانی عێراق. هەرگیز هەستمان نەكردووە هاووڵاتی ئەم وڵاتەین و ئەوەی بینیومانە كاولكاری 4500 گوندی كوردستان و گۆڕی بەكۆمەڵ و بۆردوومانی كیمیایی و شاڵاوی ئەنفال بووە كە 182 هەزار كەسی تێدا بە زیندوویی خرانە چاڵەوە و تەنیا توانیومانە 5 هەزار روفاتیان بدۆزینەوە. هەروەها كورد زمان و كەلتوور و ناسنامەی جیاوازی خۆی هەیە. ئێمە پرسمان پێنەكراوە، كاتێك كراوینەتە بەشێك لە عێراق، ئێستاش دەمانەوێت خۆمان وڵاتی خۆمان بەڕێوەببەین. هەروەها دەمەوێت باسی ئێستاش بكەم و ئاماژە بەوە بكەم تەنیا ستەم و ناڕەوایەتییەكانی رابردوو نین كە وایان لێكردووین هەست بە عێراقی بوون نەكەین، بەڵكو لە رۆژگاری هاچەرخیشدا دووچاری ستەم بووینەتەوە. سەددام حوسێن كە حوكمڕانیی عێراقی كرد و هەموو تاوانێكی دژ بە كورد ئەنجام دا، بەڵام پەنای بۆ بڕینی بودجەی كوردستان نەبرد، بەڵام حكومەتی ئێستای عێراق ئەم كارەی كردووە. وێنای ئەوە بكەین كە تەنانەت لە عێراقی نوێدا كە هیوای ئەوەمان دەخواست ببێتە عێراقێكی فیدڕاڵی و فرەیی و عەلمانی، كەچی ئێستاش كورد وەك شەریك قبووڵ ناكەن، لەبەر ئەوە ئێمەش پاشكۆیەتی قبووڵ ناكەین. كەواتە ئێمە نامانەوێت ببینە بەشێك لەو بارودۆخە پڕ لە پشێوییەی عێراقی تێكەوتووە. ئێمە لە كوردستانی عێراقدا دەستمان داوەتە پرۆسەیەك كە بریتیە مومارەسەركردنی مافی بڕیاردانی چارەنووس.


شايانى باسه هێمن هەورامی دەڵێ: هەمیشە تێڕوانینی كوردستان لە ئاست توركیادا لەسەر بنەمای دوو گۆڕاو بووە، پێوەندی توركیا لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان و سیاسەتی توركیا لە ئاست كێشەی كوردی وڵاتەكەی. لە دوای دامەزراندنی توركیای مۆدێرنەوە، كێشەی كورد بە تواندنەوە و نكۆڵی لێكردن و تێنەگەیشتنەوە مامەڵەی لەگەڵدا كراوە. كاتێك لە ساڵی 1956 پەخشی كوردی لە ئەنقەرە كرایەوە، حكومەتی توركیا نامەیەكی بە باڵیۆزی وڵاتەكەی لە میسردا بۆ جەمال عەبدولناسر نارد و میسری بەوە تۆمەتبار كرد كە دەستوەردەداتە ئاسایشی نەتەوەیی توركیاوە، بەڵام عەبدولناسر بە باڵیۆزی توركیا راگەیاند ئایا كورد لە توركیا هەن، وەڵامی باڵیۆز نەخێر بوو، جەمال عەبدولناسریش پێی وت: كەواتە چۆن ئێمە دەستێوەردان لە ئاسایشی ناوخۆیی ئێوە دەكەین؟

هەر لە درێژەی قسەكانیدا هەورامی دەڵێ: لە ئێستادا دەبێت دان بەوەدا بنێین كە ساتەوەختی كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هاتووە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی كۆن لە ئارادا نەماوە. كوردستانیش بە سەر چوار دەوڵەتدا دابەش كراوە كە هەر یەكەیان هەل و مەرجی تایبەتی خۆی هەیە. لە روانگەی هەولێرەوە باوەڕمان وایە گۆڕانكاری لە توركیادا روویداوە و ئەمەش پێشوازی لێدەكەین و پشتیوانیمان لەم پرۆسەیە كردووە و هەرگیز باوەڕمان بەوە نەبووە بتوانرێت بە رێی توندوتیژییەوە هیچ شتێك لە توركیا بەدەست بێت. توركیاش لە رێی ئۆپەراسیۆنی سەربازی، یان نكۆڵیكردن، یان تواندنەوەوە نەیتوانیوە كێشەی كورد لە وڵاتەكەیدا چارەسەر بكات. تێڕوانینی توركیا بۆ هەرێمی كوردستان لە ساڵی 1991ـەوە تاوەكو 2003 و ماوەیەك دواتریش تێڕوانینێكی ئەمنییانە بوو، واتە توركیا هەرێمی كوردستانی بە سەرچاوەی ناسەقامگیری دەزانی و بە ئاگرخۆشكەری دابەشبوونی توركیای لە قەڵەم دەدا. بەو پیێە سیاسەتی دەرەوەی توركیا بە سەرچاوەی هەڕەشە دەزانی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەكەی، بەڵام كوردستانی عێراق سەلماندی كە هەڕەشە نییە بۆ سەقامگیری ناوچەیی و بۆ سەر ئاسایشی ناوچەیی.




لە كۆتایی پەنێلەكەیدا هێمن دەڵێ: هەرێمی كوردستان سەلماندی تەنانەت لە رووی ئابووریشەوە دەتوانێت ببێتە شەریكی توركیا، چونكە لە كۆی 12 ملیاری قەبارەی بازرگانی نێوان عێراق و توركیا، 9 ملیاریان لەگەڵ هەرێمی كوردستانە و لە كۆی 3 هەزار كۆمپانیای بیانی لە كوردستاندا 1300 كۆمپانیایان توركین. لە بیرمانە لە توركیا بە سەرۆك بارزانی و سەرۆك تاڵەبانی دەوترا سەرۆك خێڵ، بەڵام ئێستا ئیعتیرافیان بە كوردستان كردووە و قونسولگەری توركیا لە هەولێر كراوەتەوە و پێوەندییەكی ئابووری باشتریان بنیادناوە. لە شەڕی داعشدا ئێمە چاوەڕوانی زیاتر لە توركیا دەكەین. لەبەر ئەوەی هەردوولا پێویستمان بە یەكترە، توركیا دەروازەی ستراتیژیە بۆ ئێمە بەرەو جیهان بۆ بۆرییەكانی ئێمە. توركیاش ناتوانێت گرنگیی كوردستان بۆ هاوسەنگی ناوچەیی فەرامۆش بكات. هەروەها هەرێمی كوردستان بۆتە پەرژینێك بۆ ئاسایشی باشووری توركیا لە بەرامبەر ئەو ناكۆكییە لە نێوان شیعە و سوننەدا هەیە لە عێراقدا. ئێمە باوەڕمان وایە لە ناوخۆی توركیاشدا بەدیلی پرۆسەی ئاشتی لە ئارادا نییە. راستە پرۆسەی ئاشتی كۆتایی هاتووە، بەڵام دەبێت ئیرادە و توانا و باوەڕمان بە پرۆسەی ئاشتی هەبێت، چونكە بەدیلەكە درێژەكێشانی خوێنڕێژیە كە دەركەوت ئەوەش شكستی بە دوادا دێت. لە راستیدا ئێمە زۆر نیگەرانین لە هەڵگیرسانەوەی شەڕی نێوان توركیا و پەكەكە، لەبەر ئەوەی ئەمە ناسەقامگیری زیاتری لێدەكەوێتەوە لە ناوچەكە و هەروەها لە توركیاشدا.

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1053)
Top