وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا: بەردەوام دەبین لە ناردنی چەك بۆ پێشمەرگە، بەتایبەتی چەکی میلان.

وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا: بەردەوام دەبین لە ناردنی چەك بۆ پێشمەرگە، بەتایبەتی  چەکی میلان.
وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا، ئاماژەی بەوە داوە كە لە درێژەی هاوکارییە سەربازییەکانیان بۆ هێزی پێشمەرگە، جارێکیتر چەكی میلان ڕەوانەی هەرێمی كوردستان دەكاتەوە.

ئاژانسی ئەنادۆڵو بڵاویکردەوە، وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا لە ڕوونكردنەوەیەكدا، بڕیاریدا جارێکی دیکە ژمارەیەک چەکی میلان ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکات، بەڵام بڕی ئەو چەكانە تا ئێستا دیاری نەکراوە كە لەجۆری میلانن، چوونکە تا ئێستا گفتوگۆكان لەو بارەیە ناردنی چەکەکانەوە بەردەوامە.

ئورزولا فۆندێر لاین، وەزیرى بەرگرى ئەڵمانیا رایگەیاند "چەكی میلان بۆ هێزەكانی پێشمەرگە زۆر گرنگە، بۆ یەكەمجار پێشمەرگە لە ڕێگەی چەكی میلانەوە توانی زیاتر داعش لە سنورەكانی خۆی دوور بخاتەوە."

هەروەها وەزیری بەرگری ئەڵمنیا ئاشکراشیکرد، کە "تائێستا ٦٠ چەكی میلان و نزیكەی هەزار پارچە تەقەمەنی ئەو چەكە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە ڕەوانە كراوە."

لە مانگی شوباتی ٢٠١٥، ئەڵمانیا رایگەیاند، كە لەپێناو ڕووبەڕووبوونەوەی داعش، بری ١٣ ملیۆن یۆرۆ یارمەتی سەربازی ڕەوانەی پێشمەرگە دەكەن، هەروەها لە ئەیلوول و تشرینی دووەمی ٢٠١٥، ئەڵمنیا بە بڕی ٧٠ ملیۆن یۆرۆ یارمەتی چەك و تەقەمەنی بۆ هەرێم ڕەوانە كرد و ٣٢ پێشمەرگەش لە هەرێمی باڤاریا مەشقیان پێ كرا.
Top