لێدوانێکی فەرمیی لەبارەی تەندروستی تاڵەبانییەوە
سکرتاریەتی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشـتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لێدوانێک لەبارەی تەندروستیی تاڵەبانی بڵاودەکاتەوە.
سکرتاریەتی تاڵەبانی لە دوایین رۆژنامەی کوردستانی نوێی زمانحاڵی فەرمیی یەکێتی لێدوانێکی بڵاوکردووەتەوە و رایدەگەیەنێت، کە وەک پزیشک ئاماژەی پێکردووە، ئەنجامی پشکنینەکان دەریخستووە، کە باری تەندروستی جەلال تاڵەبانی ”زۆر باشە و زیاتر لە بەرەو پێش چووندایە“.
بەپێی لێدوانەکە، پزیشکی تایبەتی تاڵەبانی رایگەیاندووە، کە پشکنینی ئاسایی بۆ کراوە و دەرکەوتووە بە بەراورد بە پێشوو، باری تەندروستی تاڵەبانی ”زۆر بەرەوپێش چووە“.
رۆژی شەممە 6ـی کانوونی یەکەمی 2015، سکرتێری گشتیی یەکێتی بە فڕۆکەیەکی سەرۆکایەتیی عێراق گەیەندرایەوە باشووری کوردستان و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە لەلایەن خانەوادەکەی، بەبێ ئامادەبوونی سەرکردەکانی حزبەکەی پێشوازیی کرا.
باسنيوز
