مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ سه‌رۆكی ئیئتیلافی نیشتمانی سوریا و شاندێكی یاوه‌ری ده‌كات

مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ سه‌رۆكی ئیئتیلافی نیشتمانی سوریا و شاندێكی یاوه‌ری ده‌كات
ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 5/12/2015 به‌ڕێز مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ خالید خۆجه‌ سه‌رۆكی ئیئتیلافی نیشتمانی سوریا و شاندێكی یاوه‌ری كرد، كه‌ پێكهاتبوو له‌ عه‌بدولئه‌حه‌د ئه‌ستیفۆ ئه‌ندامی ده‌سته‌ی سیاسی ئیئتیلافی نیشتمانی سوریا و عه‌بدولباست سه‌یدا سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی سوری و كه‌سایه‌تی سه‌ربه‌خۆی ناو ئیئتیلافی نیشتمانی سوریا. له‌ دیدارێكدا گفتوگۆ له‌باره‌ی دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌كانی دۆخی سوریا به‌گشتی و ئیئتیلافی نیشتمانی سوریا كرا.

سه‌ره‌تا سه‌رۆكی شاندی ئیئتیلافی نیشتمانی سوریا باسی له‌ كارو چالاكی ئیئتیلافی نیشتمانی سوریا و كۆبوونه‌وه‌ی فره‌وانی داهاتووی ئیئتیلافی نیشتمانی سوریا له‌ ریازی پایته‌ختی شانشینی عه‌ره‌بی سعودیا و دۆخی مه‌یدانی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی ئۆپۆزیسیۆنی میانڕۆی سوریا كرد. پاشان گفتوگۆ له‌باره‌ی قۆناغی گواستنه‌وه‌ و ئاینده‌ی سوریا و دابینكردنی مافی گشت پێكهاته‌كان كرا، له‌وباره‌وه‌ راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه‌ هه‌رێمی كوردستان پاڵپشتی له‌ چه‌سپاندنی دیموكراتی و سه‌قامگیری و ئاشتی و مافی پێكهاته‌كان له‌ سوریا ده‌كات و رایگه‌یاند، پێویسته‌ گه‌ره‌نتیه‌ك هه‌بێت، كه‌ له‌ سوریای ئاینده‌دا گشت پێكهاته‌كان به‌ مافه‌كانیان ئاشنا ده‌بن و كه‌س په‌راوێز نا‌خرێ.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا باس له‌ بارودۆخی شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش له‌ سوریا و ناوچه‌كه‌ كرا و دووپات له‌وه‌ كرایه‌وه‌، كه‌ هه‌رچه‌نده‌ راگرتنی هاوسه‌نگی له‌ نێوان هه‌موو ئه‌و هێزانه‌ی له‌ مه‌یدانه‌كه‌دا هه‌ن، كارێكی قوڕسه‌، به‌ڵام له‌ ئێستادا پێویسته‌ شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆریستانی داعش له‌ پێشه‌وه‌ی كار و هه‌وڵه‌كانی ئیئتیلافی نیشتمانی سوریا دا بێت، كه‌ ئه‌مڕۆ بۆته‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جددی بۆ گشت جیهان.
Top