كوتلەی نوری: ئەسیل نوجێفی بە بێ ئاگاداریی بەغدا سوپای تورکیای هێناوەتە نێو عێراق

كوتلەی نوری: ئەسیل نوجێفی بە بێ ئاگاداریی بەغدا سوپای تورکیای هێناوەتە نێو عێراق
پەرلەمانتارێکی لیستی دەوڵەتی یاسا، کە نووری مالیکی سەرۆکایەتیی دەکات، داوای لەسێدارەدانی ئەسیل نوجەیفی دەکات.



نەهلە هەبابی، پەرلەمانتاری عێراق بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە، کە شایەدحاڵەکان لە بەعشیقەی نزیک موسڵ جەختیان لە گەیشتنی سەدان سەربازی تورکیا کردووەتەوە، کە بەبیانووی شەڕی چەکدارانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) و بەبێ ئاگاداریی حکوومەتی عێراق ”هێنراون“.



نەهلە هەبابی پێیوایە ئەو هێزەی سوپای تورکیا لەسەر داواکاریی ئەسیل نوجەیفی، پارێزگاری پێشووی نەینەوا لە پارێزگای نەینەوا جێگیرکراون و داوا دەکات، نوجەیفی بە تۆمەتی ”خیانەت لە وڵات“ دادگایی بکرێت، کە سزاکەی بریتییە لە لەسێدارەدان.



ئەو پەرلەمانتارەی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بەوەشکردووە، کە نوجەیفی ”تاوانباری یەکەمە“ لە رادەستکردنی موسڵ بە داعش لە مانگی حوزەیرانی 2014.



رۆژی هەینی 4ـی کانوونی یەکەمی 2015, هێزێکی سوپای تورکیا بە تانک و مووشەکهاوێژەوە بۆ مەشقکردن بە هێزی حەشدی نیشتیمانی، کە ئەسیل نوجەیفی فەرماندەیی دەکات، گەیشتنە ناوچەکانی پارێزگای نەینەوا.








باسنیوز
Top