"جموجۆڵی بارزگانی له‌ ده‌روازه‌ی حاجی ئۆمه‌ران وه‌ستاوه‌"

لە دیوی هەرێمی کوردستان هەموو ڕێگەوبانەکان خاوێن کراونەتەوە، بەڵام لە دیوی ئێران ڕێگەکان خاوێن نەکراونەتەوە، بۆیە جموجۆلی گەشتیاری و بازرگانی لە دەروازەی حاجی ئۆمەران وەستاوە.

(مەغدید عەریف) بەڕێوەبەری شارەدێی حاجی ئۆمەران بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان گوتی: لە سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، زیاتر لە 15 سم بەفر باریوە، لە دیوی هەرێمی کوردستان هەموو ڕێگاكه‌‌ خاوێنکراونەتەوە و هیچ گرفتێکی هاتوچۆ نیە، بەڵام هەرچی دیوی ئێرانه‌ لە پیرانشەهر تا مەرزی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران رێگەکە خاوێن نەکراوەتەوە کێشە بۆ گەشتیاران و جموجۆڵی بازرگانی دروست بووە و ناتوانن هاتوچۆ بکەن.
گوتیشی: ئێمە لایەنی ئیرانمان ئاگادار کردووەتەوە تا ڕێگەکان خاوێن بکەنەوە بۆ ئەوەی جموجۆڵی گەشتیاری و بازرگانی دەست پێ بکاتەوە.

( مەغدید) ئەوەشی گوت: شەوی رابردوو پلەکان زۆر دابەزی بوون و کەشوهەوا زۆر سارد بوون بۆیە هەموو ڕێگەکان بەست بوون، بەڵام ئەمڕۆ هەموو ڕێگەکانی سنووری حاجی ئۆمەران- چۆمان، لەگەڵ هەموو شوێنەکانی دیکە کراونەتەوە هیچ گرفتێکی هاتوچۆ نییە".
Top