وەزیری بەرگری سعودیە ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پشتیوانی پێشمەرگە راگەیاند
بە پێی ئەو زانیارییانەی دەست (باسنیوز) كەوتووە؛ بارزانی و وەزیری بەرگریی سعودیە باسیان لە شەڕی دژی داعش و هەروەها پێداویستییەكانی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گروپە توندڕەوەكان كردووە. لەلایەن خۆیەوە وەزیری بەرگریی سعودیە؛ سەركەوتنەكانی پێشمەرگە بەسەر رێكخراوی داعش دا؛ لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان و گەلی كوردستان پیرۆز كرد و ئامادەیی وڵاتەكەشی بۆ هاوكاریكردنی هێزەكانی پێشمەرگە نیشانداوە.
لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەكەی سەرۆك بارزانی بۆ شانشینی سعودیە رۆژی سێشەممە "شا سەلمان عەبدولعەزیز"، لە كۆشكی پاشایەتی لە شاری ڕیاز پێشوازی لە مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد.
لەم دیدارەدا كە ئەمیر محەمەد بن نایف بن عەبدولعەزیز، جێنشینی یەكەم و جێگری یەكەمی سەرۆك وەزیران و وەزیری ناوخۆ و ئەمیر محەمەد بن سەلمان بن عەبدولعەزیز جێنشینی دووەم و جێگری دووەمی سەرۆك وەزیران و وەزیری بەرگری شانشینی سعوودیە و هەروەها وەزیرانی دارایی و دەرەوە و فەرهەنگ و ڕاگەیاندن حكوومەتی سعودیە و ژمارەیەكی زۆری بەرپرس و كاربەدەستی باڵای ئەم وڵاتە ئامادە بوون.
شای سعودیا بەگەرمی بەخێرهاتنی سەرۆك بارزانی كرد و خۆشحاڵی خۆشی بۆ سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ سعودیە نیشان دا و جەختی لە گرنگی و بەردەوامیی سەردانەكان و فراوانتركردنی ئاستی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا كردەوە.
باسنيوز
