سێ خوێندکاری کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون
بەپێی ئەو هەواڵ و راپۆرتانەی ناوەندەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان بلاویان کردووەتەوە، ڕۆژی دووشەممە ٩ی سەرماوەز، "سروە عەبدی" خوێندکاری ڕشتەی "ماف"ی زانکۆی پەیامی نووری پیرانشار، هاوڕێ لەگەڵ براکەی بەناوی "عەبدی" و دەزگیرانەکەی بەناوی "سامان ئیبراهیم پوور" کە هەموویان خەڵکی سەردەشت بوون، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
بە گوتەی سەرچاوەکان هێزە لیباس شەخسییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو سێ خوێندکارە و وێڕای دەستبەسەر کردنیان، دەستیان بەسەر کەرەستەی تاکەکەسی، لابتۆپ و کۆمپیۆتێری ئەواندا گرتووە.
پێشتر و ساڵی 2014ش سروە عەبدی لەگەڵ سامان ئیبراهیم پوور بە تۆمەتی "چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاڵای کوردستان" دەستبەسەر و بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوون.
بنەماڵەی عەبدی بە مەبەستی ئاگاداربوون لە چارەنووسی ڕۆڵەکانیان، سەرەڕای سەردانی بەردەوام لە ناوەندە ئەمنییەکان هەتا ئێستە هیچ زانیارییەکیان دەست نەکەوتووە و ناوەندە ئەمنییەکان وەڵامێکی ئەرێنییان پێ نەداونەتەوە.
هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ ڕاپۆرتێک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران و تاوانی ئەو سێ هاووڵاتیە کوردە بڵاو نەکراوەتەوە.
باسنيوز
