ئاشتی هەورامی: لە 2016 دەستدەکەین بە چاکسازی

 ئاشتی هەورامی: لە 2016 دەستدەکەین بە چاکسازی
وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان سەرەتای 2016-ی بە کاتی دەسپێکی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان دانا و گوتی:" ئەگەر داعش نەبوایە ئێستا یەک ملیۆن بەرمیل نەوتمان هەناردە دەکرد".

ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە میانەی کۆنفرانسی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان لە لەندەن رایگەیاند" چاکسازی لە سەرەتای ساڵی 2016 لە هەرێمی کوردستان دەسپێدەکات، بەڵام چاکسازی کات و سەرمایەی پێویستە".

لەسەر کێشەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا، ئاشتی هەورامی گوتی:" بە نیازی گەیشتن بە چارەسەرێکین بۆ ئەوەی کێشەکانی نێوانمان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکەین کە لە بەرژەوەندی هەردوو لایەندا بێت".

وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان گوتی:" درێژە بە پێدانی حەقدەستی کۆمپانیا نەوتییەکان دەدەین و پابەندین بە ناوەرۆکی ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت واژۆمان کردووە".

لە بواری گازی سرووشتیشدا، هەورامی وتی:" کاری لە پێشنیەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆی وێستگەکانی کارەبایە و وازهێنانە لە بەکارهێنانی گازواییل".

سەبارەت بە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتیش ئاشتی هەورامی گوتی:" ئەگەر داعش و کێشەی ئەمنی لە عێراق رووی نەدایە، ئەوا دەمانتوانی ئێستا رۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمبهێنین".

رۆژی دووشەممە 30-11-2015 پێنجەمین کۆنفرانسی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان لە لەندەن دەستیپێکرد و تاوەکو رۆژی چوارشەممە بەردەوام بێت.

کۆنفرانسی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان گەورەترین کۆبوونەوەی نێودەوڵەتییە کە لەسەر کەرتی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت.


















رووداو
Top