قایمقامی شنگال پێنج داواكاری ئاراستهی پهرلهمان و حكوومهت كرد
(حەیات مەجید پەرخی) ئەندامی فراكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان بەماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "شاندێكی پەرلەمانی كوردستان كە لە چوار لیژنەی (داكۆكی لە مافی ئافرەت و, پێشمەرگەو, ئاوەدانكردنەوە و, مافی مرۆڤ) پیك هاتبووین ئەمڕۆ سەردانی شنگالمان كرد, لەگەڵ بەرپرسان و قایمقامی شنگالدا كۆ بووینەوە و باسی كۆمەڵە خاڵێکی زۆر گرنگمان کرد. سەردانی گۆڕە بەكۆمەڵەكانیشمان كرد و لە نزیكەوە تاوانەكانی داعشمان بینی. پێشنیار كراوە شنگال بكرێت بە مۆزەخانە و شوێنەوار و شنگالێكی نوێ دروست بكرێت كە ئەم كارەش دەوەستێتە سەر خواستی خەڵكی شنگال."
پەرخی ئاماژەیشی دا: "قایمقامیەتی شنگال پێنج داواكاریی ڕاستەوخۆی لە حكوومەت و پەرلەمانی هەرێمی كوردستان هەیە؛ بەپارێزگاكردنی شنگال, قوربانیەكانی شنگال بە جینۆساید بناسێندرێن, سندووقێكی كۆكردنەوەی كۆمەك لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دروست بكرێت بۆ ئاوەدانكرنەوە و بنیاتنانەوەی شنگال, شنگالییەكان قەربووی مادی و مەعنەوی بكرێنەوە, قوربانیەكانیان لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە بەشەهید لەقەڵەم بدرێن."
ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی زەرد ڕاشیگەیاند: "ئامانجمان لەم سەردانەدا دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەكی سەركەوتووانە بوو بۆ ئاوەدانكردنەوەی شارەكە و لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە ڕەوشی ئێستای ناوچەكە بۆ ئەوەی دوایی لە ڕاپۆرتێكی گشتگیر و هاوبەشی هەرچوار لیژنەكەدا كاری لەسەر بكرێت و دوایی ڕاپۆرتەكە بدرێت بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان. ئەم ڕاپۆرتە لە پەرلەمانی كوردستانیشدا كاری لەسەر دەكرێت و دەكرێت بە پرۆژەبڕیار یان پرۆژەیاسا."
دهیشڵێ: "ئەم شاندەی پەرلەمانی كوردستان پێك هاتبوو لە ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی و یەكێتی و یەكگرتوو بەرەی توركمانی, بە داخەوە ئەندامانی فراكیسۆنەكانی گۆڕان و كۆمەڵ بە بیانووی جۆراوجۆر نەهاتن؛ سەرۆکی سێ لیژنەی ئەم چوار لیژنەیەش، بە دەست ئەو دوو فراکسیۆنەوەیە."
