سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان تیرۆركردنی سەرۆكی پارێزەرانی ئامەد ئیدانە دەكات

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان تیرۆركردنی سەرۆكی پارێزەرانی ئامەد ئیدانە دەكات
ڕۆژی شەممە 28ـی 11ـی 2015 لە شاری ئامەد چالاكوانی كورد تاهیر ئەڵچی سەرۆكی سەندیكای پارێزەرانی ئامەد لە باكووری كوردستان لە كاتی چالاكییەكی مەدەنیدا لە لایەن چەند چەكدارێكی نەناسراو تەقەی لێكرا و تیرۆر كرا.

زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو كردەوە نامرۆڤانەیە و تیرۆركردنی تاهیر ئەڵچی دەكەین و بەهۆی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە سەرەخۆشی لە خانەوادە و كەسوكار و ئاشنایانی تاهیر ئەڵچی دەكەین و خۆمان بە هاوبەشی خەمیان دەزانین. داوایش دەكەین بە زووترین كات ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە قێزەوەنە بدۆزرێنەوە و ڕادەستی عەدالەت بكرێن و بە سزای خۆیان بگەن. ئەو جۆرە كردەوە نامرۆڤانەیش بە هەڕەشەیەكی جددی دەزانین لەسەر ئاشتی كۆمەڵایەتی و ئاسوودەیی خەڵك و پێویستە ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی كردەوەی هاوشێوە بگیرێت.

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان

30ـی 11ـی 2015
Top