مەحموود عوسمان: سەردانەكەی (سەرۆك بارزانی) گرینگە

 مەحموود عوسمان: سەردانەكەی (سەرۆك بارزانی) گرینگە
سیاسەتمەداری كورد (د. مەحموود عوسمان) دەڵێت: "سەردانی (سەرۆك بارزانی) لە ئێستادا بۆ و‌ڵاتانی كەنداو گرینگە و، پێیشم باشە ئەو سەردانانە بۆ وڵاتانی ئەورووپا و ئەمەریكا و رووسیا و هەر شوێنێكی دیكەیش بن، چونكە كورد پێویستی بە پەیوەندی هەیە لەگەڵ هەموو لایەنەكاندا بۆ ئەوەی زیاتر بتوانێت پشتیوانی پەیدا بكات.

(د. مەحموود عوسمان) سیاسەتمەداری كورد و ئەندامی خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "سەردانی (سەرۆك بارزانی ) لە ئێستادا بۆ وڵاتانی كەنداو گرینگ و باشە، چونكە سەردان بۆ ئەو وڵاتانە پێویستە بۆ ئەوەی بزانن واقیعی كوردستان چۆنە و پێویستییەكانی كورد چین لە رووی دارایی و پێداویستیی پێشمەرگە و ئەو دۆخەی كە تووشی كوردستان بووە، بە تایبەتی شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش كێشەی زۆری بۆ كوردستان‌ دروست كردووە، هەروەها ئەو هەموو ئاوارە زۆرەی روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە كە نزیكەی 2ملیۆن دەبن، ئەمانەیش پێویستیان بە ژیان و یارمەتیدان هەیە، بۆیە كوردستانیش لە كاتی ئیستادا پێویستی بە پشتیوانیی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دەرەوە هەیە تا هاوكاریمان بكەن".
(عوسمان) گوتیشی: "پێم باشە ئەو سەردانانە بۆ وڵاتانی ئەورووپا و ئەمەریكا و رووسیا و هەر شوێنێكی دیكەیش بن، چونكە كورد پێویستی بە پەیوەندی هەیە لەگەڵ هەموولایەنەكان، بۆ ئەوەی زیاتر بتوانێت پشتیوانی پەیدا بكات".
شایەنی باسە، رۆژی شەممە 28ـی ئەم مانگە، (سەرۆك بارزانی) بە یاوەریی شاندێك و لە چوارچێوەی سەردانێكی فەرمیدا لە رێگای فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بەرەو وڵاتانی كەنداو بەرێ كەوت.
Top