بەهجەت بەشیر: بارزانی و ئەمەریکا لەسەر خەتن بۆئەوەی پێشمەرگەی ڕۆژئاوا بگەرێنەوە

 بەهجەت بەشیر: بارزانی و ئەمەریکا لەسەر خەتن بۆئەوەی پێشمەرگەی ڕۆژئاوا بگەرێنەوە
ئەندامێکی سەرکردابەتی ئەنجومەنی نیشتیمانی کورد لە سوریا، ئاماژە بە هێزی پێشمەرگەی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات و دەڵیت: "سەرجەم لایەنەکان فشار لەسەر (پەیەدە) دەکەن بۆ ئەوەی ڕێگا بدات هێزی پێشمەرگەی ڕۆژئاو دەربازی ڕۆژئاوای کوردستان ببێت".



بەهجەت بەشیر، سەرۆکی کۆمیتەی ئەنجومەنی نیشتیمانی کوردی سوریا لە هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا بە (باسنیوز)ی راگەیاند: بەهەزاران گەنج و لاوی ڕۆژئاوای کوردستان ئامادەن بەخوێن و بەگیان پارێزگاری لەرۆژئاوای کوردستان بکەن، هەربۆیە لە چوار چێوەی ئەو خۆشەویستیە ئێستە هێزی پێشمەرگەی ڕۆژئاوای کوردستان لەبارەگا سەربازییەکانی باشووری کوردستان بەشێوەیەکی زۆر سەرکەوتوانە مەشقیان پێکراوە، بەڵام بەداخەوە تائێستە پارتی یەکێتی دیموکراتی سوریا(پەیەدە) بەشێوەیەکی تاکرەوانە رێگای نەداوە ئەو هێزە بچێتە ڕۆژئاوای کوردستان، لە کاتێکدا ئەو هێزە ئامادەبوو بچنە کۆبانێ و ئەو شارە ئازادبکەنەوە، بەڵام (پەیەدە) رێگای لەوەش گرت.


ئەوەشی خستەروو: یەکێک لە خاڵەکانی کۆبوونەوەی دهۆک لەنێوان (ئەنەکەسە)و (تەڤدەم)لە ژێر چاودێری سەرۆک بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەوە بوو کە رێککەوتن دروست بێت ئەو هێزە بچێتە ڕۆژاوای کوردستان و لەژێر فەرماندەیەکی هاوبەش سەرپەرشتی بکرێت. بەڵام ئەوان ئامادەنەبوون رێککەوتنەکەش جێبەجێ بکەن. گوتی: "هێزی پێشمەرگەی ڕۆژئاوا لەماوەی شەڕی داعش سەلماندوویەتی کە هێزێکی ئامادەکراوە و لەشەڕەکانی دژ بە داعش بەشداریانکردووە".


گوتیشی: "ئێمە ئێسە فشار دەکەین دەبێت ئەو هێزە دەربازی ڕۆژئاوای کوردستان بێت، و سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمەریکا و (پەیەدە)ش لەسەر خەتە بۆ رازیکردنیان تابگەرێنەوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، چونکە رێککەوتنی (ئەنەکەسە)و (دەڤدەم) لەدهۆک لەژێر چاودێری بارزانی بووە، و دەریش کەوتووە، (پەیەدە) بەتەنیا ناتوانێت ڕۆژئاوای کوردستان بپارێزت".


ئاماژە بەوەشدا: لەماوەی شەڕی داعش 27 پێشمەرگەی ڕۆژئاوا شەهیدی بوون، لە کاتێکدا دەیان بریندارمان لەشەڕی داعش داوە.












باسنیوز
Top