ئازادکردنی شنگال مەلحەمەیەک بوو ھێزی پێشمەرگەی کوردستان تۆماری کرد و شەڕی دژە داعشی بردە قۆناخی بەرەو کۆتایی
لیوا شەھاب ئەحمەد هەروەها گوتی: دوای کەوتنی موسڵ تیرۆریستانی داعش «خەلافەتی ئیسلامی»یان راگەیاند و بوونە دەوڵەتێکی تیرۆریستی، دەوڵەتێک کە ھەموو جۆرە چەکێکی مۆدێرینی کەوتە بەردەست، پاش داگیرکردنی ئەو ناوچانەش داعش روویکردە حەمدانیە و دەشتی نەینەوا و سەدەی موسڵ و زوممار، ئەو کات پێشمەرگە کە تەنیا کلاشینکۆفی پێبوو، گوللەی تەواوی بۆ تەقاندنی کلاشینکۆفەکەشی پێنەبوو، لەبەرامبەردا داعش بە دەیان جۆر ئۆتۆمبێلی ھامەر و تانک و زریپۆش و چەک و تەقەمەنی زۆری لەبەر دەست بوو، ھەربۆیە سەرەتا پێشمەرگە ناچار بوو لە ھەندێک شوێن پاشەکشە بکات، ھەروەھا لە شنگالیش ھێزێکی ئەوتۆی لێ نەبوو، یەک دوو فەوجیان بۆ گواستبۆوە، بەڵام چەکی قورس و مۆدێرینان پێ نەبوو، بۆیە تیرۆریستانی داعش توانییان پێشڕەوی بکەن، بەڵام پاش ئەوەی پێشمەرگە خۆی رێکخستەوە و شەخسی سەرۆک بارزانی بڕیاری شەڕی مان و نەمانی داو خۆی راستەوخۆ سەرپەرشتی بەرەکانی شەڕەکەی کرد، توانرا بە پەلە پێشڕەوییەکانی تیرۆریستانی داعش رابگیرێت و دواتر زۆر ناوچەش رزگار بکرێتەوە، ھاوکات لەگەڵ ھێرشەکانی داعش بۆ سەر کوردستان، ھاپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و بەتایبەتی ئەمریکا بە رێگەی ھێزی ئاسمانی ھاوکاری پێشمەرگەیان کرد، بۆیە بە ھەماھەنگی لەگەڵ ھێزی ئاسمانی ھاوپەیمانان و دواتریش بە ھاتنی ھەندێک چەک بۆ پێشمەرگە توانرا ھەنگاو بە ھەنگاو ھەموو ئەو شوێنانەی کە داعش داگیری کردبوون وەک دەشتی نەینەوا، بەنداوی موسڵ.
شايانى باسه شەھاب ئەحمەد هەروەها گوتی: داڕشتنی پلانی سەربازی بۆ ئازادکردنی شنگال، وەک ئێمە لە زانستی سەربازی پێیدەڵێن، بریتی بوو لە ھەماھەنگیی ھێزی زەمینی و ئاسمانی، واتە ھەماھەنگیی ھێزی پێشمەرگە لە زەوی و فڕۆکەکانی ھاوپەیمانان لە ئاسمان، ھەروەھا تۆپبارانکردنێکی پێشوەختە پێش ئەوەی ھێرشەکە لە چوارچێوەی پلانە سەربازییەکە دەست پێبکات، کاتی دیاریکراو بۆ جێبەجێکردنی سەرکەوتووانەی ئەم پلانە بە ٣-٤ رۆژ مەزندە کرابوو، بەڵام ھێزی پێشمەرگە بە ھەماھەنگی لە گەڵ ھێزی ئاسمانیی ھاوپەیمانان کە دەستیان بە جێبەجێکردنی کرد، لە ماوەی ٢٤-٢٨ سەعات تەواوی ناوچەکەیان رزگارکرد، بۆ جێبەجێکردنی ئەم پلانە لە سەر زەوی سەرۆک بارزانی تەنیا ئەرکەکەی بە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان سپاردبوو، تەنیا ھێزی پێشمەرگە سەرکردایەتی شەڕەکە و ھێرشی بۆ سەر تیرۆریستانی داعش دەکرد و ھەماھەنگی لەسەر زەوی لەگەڵ ھیچ ھێزێکی دیکە نەبووە، تیرۆریستانی داعش سەبارەت بەم پلانە سەربازییە بۆ ئازادکردنی شنگال مەزندەی ئەوەیان کردبوو کە شەڕێکی بەرەیی بکرێت، بەڵام پلانە سەربازییە دەوردانی ھێزەکانی داعش بوو لە دوو قۆڵەوە بە درێژایی ٣٥ کیلۆمەتر، ئەم دوو ھێزە لە یەک خاڵدا بە یەک گەیشتن و توانییان بە تەواوەتی تیرۆریستانی داعش گەمارۆ بدەن، تیرۆریستانی داعش بۆ شکاندنی گەمارۆی شنگال پشتیان بە ھێزێکی خۆکوژ بەستبوو بۆ ئەوەی لە تەلەعفەرەوە بگەنە فریای ھێزەکانیان، بەڵام ئەو ھێزە خۆکوژەش تەقێندرانەوە و نەگەیشتنە ئامانجی خۆیان.
لە كۆتایی قسەكانیدا ئەحمەد هەروەها گوتی: ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بەگشتی و ئەمریکا بەتایبەتی، پێش ئازادکردنی شنگالیش پشتیان بە کورد بەستبوو، گەیشتبوونە ئەو قەناعەتەی تەنیا کوردە بە جددی شەڕی تیرۆریستانی داعش دەکات، تەنانەت ٨-٩ مانگێک پێش ئێستا سەرۆک ئۆباما خۆی ئاماژەی بەوە کردبوو، سەرکەوتنی پێشمەرگە لە بەرەکانی شەڕ دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی سەرۆکی کورد خۆی راستەوخۆ لەگەڵ پێشمەرگە لە شەڕەکاندا بەشدار بووە، بێگومان بارەگای سەرۆک بارزانی بۆ سەرپەرشتی راستەوخۆی شەڕەکان لە سحێلا بوو، تا تەوابوونی پرۆسەی ئازادکردنی شنگالیش بۆ ماوەی یەک ھەفتە خۆی راستەوخۆ لەگەڵ پێشمەرگە بووە و لەو یەک دوو رۆژەی رابردوو گەڕایەوە. ھێزی پێشمەرگەی کوردستانیش سەلماندوویەتی کە توانای تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعشی ھەیە، بەڵام دوای ئازادکردنی شنگال ھیوایەکی دیکە بۆ ھەموو ھاوپەیمانانی دژی تیرۆریستانی داعش درووست بووە، بەوەی داعش بەجۆرێک تێکشکاوە دەتواندرێت لە شوێنی دیکەش تێکبشکێندرێت.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1052)
