وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان وەڵامی دانا گاز دەداتەوە

 وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان وەڵامی دانا گاز دەداتەوە
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە راگەیێندراوێکیدا وەڵامی دانا گاز دەداتەوەو ئەو هەواڵە رەتدەکاتەوە کە داناگاز کەیسی لە دادگای بەریتانیا بردووەتەوە و دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان 2 ملیار دۆلار بداتە ئەو کۆمپانیایە.

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە مانگی تەمموزدا رامانگەیاند کە دادگا هیچ بڕیارێکی دەربارەی پێدانی بڕە پارەی داناگاز نەداوە.

هەروەها داناگاز تاوەکو ئێستا پابەندنەبووە بە بڕیاری دادگا کە پێویستە داناگاز لە خۆرمۆرەوە گازی پێویست بگەیێنێتە وێستەگاکانی هەولێر و بازیان، ئەگەرنا حکومەت مافی زیاتری دەکەوێتە سەر دانا گاز بۆیە حکومەت داوادەکات کە کۆمپانیای داناگاز پابەند بێت بە گەیاندنی گاز بۆ ئەو دوو وێستەگەیە.

هەروەها وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رەتیدەکاتەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان رێگەی نەدابێت کێڵگەکان برەو پێبدات، بەڵکو بە پێچەوانەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە بەپێی ستانداردی پێشەسازی نەوتی جیهانی برەو بەهەر کێڵگەیەک بدات.

لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، کە" حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ پەیوەندییەکی بە کێشەکانی نێوان دانا گاز و کرسێنت لەگەڵ کۆمپانیای پیرڵ نییە. دانا و کریسنت پابەندنەبوون بە کۆنتراکتی نێوانیان لەگەڵ پیرڵ".

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان باس لەوە دەکات کە" دانا گاز بەهیچ شێوەیەک ئاماژە بە مافی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناکات لە داهاتی ( LPG)".

لە کۆتاییدا وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ئاماژە بەوە دەکات کە" وروژاندنی ئەم باسە لەم کاتەدا خزمەت بەهەرێمی کوردستان ناکات بە تایبەتی هەرێمی کوردستان دووچاری قەیرانی دارایی بووەتەوە، هەروەها داهاتێکی زۆر بۆ شەڕی دژ بە داعش تەرخانکراوە".

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان داوا لە دانا گاز دەکات، هاوشێوەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی دیکە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات.












رووداو
Top