فازڵ میرانی: خۆم تەلەفۆنم بۆ عومەری سەیدعەلی کرد

فازڵ میرانی: خۆم تەلەفۆنم بۆ عومەری سەیدعەلی کرد
سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، باس لەبارودۆخی ئێستەی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: "ئەم دۆخە وا دەخوازێت کە هەموومان بەیەکگرتووی بەیەکەوە کاری سیاسی بکەین".

لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ کەناڵی ئاسمانی "کوردستان تیڤی" و لەبەرنامەی کۆتایی هەفتە، فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند: خەڵکی باشی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەو شەڕە راگەیاندنەدا نین کە لە نێوان هێزە سیاسییەکان دەکرێت، بۆیە بەرژەوەندی هەموو خەڵکی کوردستانە شەڕی راگەیاندنی رابگیرێت، چونکە دواجار سەرکردەکان لە ئاستی باڵا کۆدەبنەوە، دەبێت دەرفەتێک هەبێت بۆ گفتوگۆ، چونکە قسەیەکی کوردەواری هەیە، دەڵێ چیا بەچیا ناکەوێتەوە بەس چاوبەچاو دەکەوێتەوە" ئێمەش لە کوردستانین بۆ کوێ دەچین، لە چوارچێوەی ئەم وڵاتە هەردەبێت بەگفتوگۆ گرفتەکانمان چارەسەر بکەین.

گوتیشی: "وەک پارتی لەگەڵ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانین، من خۆم دوای راوێژ لە مەکتەبی سیاسی پەیوەندی تەلەفۆنیم لەگەڵ عومەری سەید عەلی، کەسی دووەمی بزوتنەوەی گۆڕان کرد و پێکەوە قسەمان کرد، راستە ئێمە لە دوو حزبی جیاوازداین و لە دووبەرەی جیاوازی سیاسی کار دەکەین، بەڵام ئێمە نیوەی زۆری تەمەنی خۆمان لە شاخ و پێشمەرگایەتی لەگەڵ هەڵسوراوانی ئێستەی گۆڕان و سەرکردەکانی پێشووی یەکێتی بەسەربردووە، واتە جیا لە کاری سیاسی ئێمە لەیەک سەنگەری بەرگری بوون بۆ خاکی کوردستان".


هەروەها گوتی "گۆڕان لە سەرەتای گرژییەکاندا لە رێگای کەناڵی (کەی ئێن ئێن) کاری خراپی کرد و وێنەی بارزانی و موعەمەر قەزافی، پێکەوە پێشانی خەڵکی دەدا، لە کاتێکدا ئەگەر بارزانی لەلای گۆڕانیش رەت کرابێتەوە، دواجار ئەو متمانەی خەڵکی بەدەست هێناوە".


لەبارەی داواکانی گۆرانەوە بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی، میرانی ئەوەی خستەروو: دەبێت سەرەتا دەستوری کوردستان بخرێتە دەنگدانەوە و رێککەوتنی لایەنەکانی لەسەر بکرێت، دواجار ئەوە خەڵکە لە ڕێگای دەستوورە دەنگ لەسەر ئەوە بدات کە چ سیستەمێکیان دەوێت، بۆیە دەبێت پرسی دەستوور یەکلا بکرێتەوە و خەڵک دەنگ لەسەر سیستەمی سیاسی بکات.
Top