ئاوەدانكردنەوەی شنگال، بوودجەیەكی زۆری پێویستە
(شێخ شامۆ) نوێنەری كوردانی ئێزدی لە پەرلەمانی كوردستان، ڕایگەیاند: "لە دوای ئازادكردنی شنگال لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە، لەلایەن سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و حكوومەتەوە هەوڵ بۆ ئاوەدانكردنەوەی هەیە، هەروەك دەبینین لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و كوردستان و عێراقیش هەوڵەكان بۆ ئەو مەبەستە بەردەوامن، چونكە شنگال وێران بووە و پێویستی بە بوودجەیەكی زۆر هەیە تاوەكو ئاوەدان بكرێتەوە".
(شامۆ) گوتیشی: "دەزانین كە حكوومەتی هەرێم ئەوەی لە توانایاندا بێت بۆ شنگال دەیكات، بەڵام بە تەنیا ئاوەدانكردنەوەی شنگال بۆ هەرێم زەحمەتە و بارگرانیەكی گەورە دەبێت، بۆیە پێویستە هاوكاریی نێودەوڵەتی هەبێت، هەروەك (سەرۆك بارزانی)ـیش جەختی كردەوە كە، پێویستە پشتیوانییەكی نێودەوڵەتی بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال هەبێت".
جێی ئاماژەیە، شارۆچكەی شنگال لە رۆژی هەینی 13ـی ئەم مانگەدا، لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانەوە بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی (سەرۆك بارزانی) لە تیرۆریستانی داعش پاك كرایەوە و ئازاد كرا.
