جه‌بار یاوه‌ر: له‌ 2007ه‌وه‌ عیراق یه‌ك دیناری به‌ پێشمه‌رگه‌ نه‌داوه‌

جه‌بار یاوه‌ر: له‌ 2007ه‌وه‌ عیراق یه‌ك دیناری به‌ پێشمه‌رگه‌ نه‌داوه‌
وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ته‌ئكید ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌چوارچێوه‌ی بودجه‌ی عیراق، ماوه‌ی هه‌شت ساڵه‌ پشكی بودجه‌ی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانی وه‌رنه‌گرتووه‌، ئه‌وه‌ش ده‌خرێته‌ڕوو كه‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری حكومه‌تی عیراق به‌هیچ شێوه‌یه‌ك چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و پێداویستییه‌ سه‌ربازییه‌كانی بۆ پێشمه‌رگه‌ دابین نه‌كردووه‌، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ زیاتر له‌ هه‌شت هه‌زار شه‌هید و برینداری له‌ شه‌ڕی داعشدا هه‌یه‌.

جه‌بار یاوه‌ر، ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا نووسیویه‌تی: "سه‌رباری ئه‌وه‌ی بڕگه‌یه‌ك له‌ناو یاسای بودجه‌ی عیراق له‌ ساڵی 2007ه‌وه‌ تا 2015 هه‌یه‌، هه‌ر ساڵه‌ و به‌شێوازێكی جیاواز، به‌ڵام تائێستا حكومه‌تی فیدراڵی به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌شه‌ بودجه‌ی بۆ پێشمه‌رگه‌ نه‌ناردووه‌".

ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، كه‌ هیچ جۆره‌ چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و پێداویستییه‌كی سه‌ربازی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی به‌رگریی عیراقه‌وه‌ نه‌دراوه‌ته‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و هه‌موو هێزه‌كانی پاراستنی هه‌رێم به‌شێكن له‌ مه‌نزومه‌ی ئاسایش و به‌رگری عیراقی فیدراڵ وه‌ك له‌ بڕگه‌ی پێنجه‌می ماده‌ی 121ی ده‌ستووری فیدراڵدا هاتووه‌.

ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ پێشمه‌رگه‌ هه‌موو ئه‌ركه‌ پیرۆزه‌كانی خۆی زۆر به‌ دڵسۆزانه‌ به‌جێگه‌یاندووه‌ و به‌رگریكردووه‌ له‌ پاراستنی ئاسایش و سه‌قامگیری هه‌رێمی كوردستان دژ به‌ هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك، به‌تایبه‌تی له‌دوای رووداوه‌كانی حوزه‌یرانی 2014 و شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆریستانی داعش، وتیشی: "تائێستا هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ 1288 شه‌هید و 62 پێشمه‌رگه‌ی دیار نه‌ماوه‌، له‌گه‌ڵ برینداربوونی 7544 پێشمه‌رگه‌ی تر له‌ جه‌نگی دژ به‌ تیرۆر."

ته‌ئكیدیش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ حكومه‌تی عیراق ده‌ڵێت: "ئاگامان له‌وه‌ نییه‌ بڕگه‌یه‌كی یاسایی هه‌بێت له‌باره‌ی بودجه‌ی پێشمه‌رگه‌وه‌".







خه‌ندان
Top