شنگال.. مۆڵەتەكە تەواو بوو پەكەكە چۆڵی نەكرد

 شنگال.. مۆڵەتەكە تەواو بوو پەكەكە چۆڵی نەكرد
قایمقامی قەزای شنگال رایدەگەیێنێ،‌ ئەو ماوەش تەواو بوو كە بۆ چۆڵكردنی بینا حكومییەكانی قەزاكە دیاریان كردبوو، بەڵام تائێستا یەپەگە بیناكانی چۆڵنەكردوون.

لەدوای كۆنترۆڵكردنی شنگال 12-11-2015، هەرزوو هەندێك لە حیزبەكان چوونە نێو فەرمانگەكانی حكومەت و كردیان بە بارەگای حیزبی. ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەواش بە نووسراوێك داوای چۆڵكردنی 13 فەرمانگەی شنگال دەكات كە ئێستا كراونەتە بارەگای حیزبی.

ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا 24 كاژێر مۆڵەتی دابوو هێزە حیزبەیەكان بینای فەرمانگە حكومییەكانی شنگال چۆڵ بكەن، مۆڵەتەكە دوێنێ دووشەممە كاژێر 08:00 راگەیێندراو ئەمڕۆ سێشەممە كاژێر 08:00 تەواوبوو. بەڵام گەریلاكانی پەكەكە بڕیارەكەیان جێبەجێ نەكرد.

مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال رایگەیاند" چوار بینای حكومی لەدەست هێزەكانی پارتیدا بوون، كاتێك داوامان لێكردن چۆڵیان كردن، بەڵام 7 بارەگا كە لەدەست هێزەكانی یەپەگە دان، تاوەكو ئێستا چۆڵنەكراون".

دەمهات جڤیان، فەرماندەی یەپەگە لە شنگال پێشتر رایگەیاندبوو جارێ زووە قسە لەسەر ئەو بابەتە بكەن.

دەمهات گوتی "جارێ هێشتا هەموو شنگال كۆنترۆڵ نەكراوەتەوە، با ئەو خاكەی ماوە رزگار بكرێت، دۆخەكە ئاسایی ببێتەوە، دووبارە شنگال ئاوەدان بكرێتەوە و بڕوا بۆ خەڵك دروست بكرێت كە دووبارە بگەڕێنەوە، ئەوكات هیچ پێویستمان بەو فەرمانگانە نامێنێ‌".

قایمقامی شنگال راشیگەیاند" پێویستی زۆرمان بەو بینایانە هەیە، ئەگەر یەپەگە هەر ئامادەنەبێت چۆڵیان بكات، ئەوا ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دوا قسەی خۆی لەوبارەیەوە دەكات".

زیاتر لە 15مانگ قەزای شەنگال لەدەستی داعش دا بوو، 12ی ئەم مانگەش لەلایەن هێزی پێشمەرگە كۆنترۆڵكرایەوە.













رووداو
Top