وەزارەتی پێشمەرگە بەغدا هیچ برە پارەیەکی بۆ پێشمەرگە نەناردوە

وەزارەتی پێشمەرگە بەغدا هیچ برە پارەیەکی بۆ پێشمەرگە نەناردوە
وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، ھەتاکوئێستا بەھیچ شێوەیەک و لە ھیچ ساڵێک ھیچ بڕە پارەیەک وەکو بودجەی ساڵانە لەلایەن حکومەتی فیدراڵی عێراقەوە تەرخان نەکراوە بۆ ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و لە سەرەتای شەڕی داعشیش تا ئێستە 1288پێشمەرگە شەهید و 62پێشمەرگە بێ سەروشوێن و 7544پێشمەرگەش بریندار بوون.

ده قى راگه يه ندراوه كه ...
ماوەیەکە لە چەند دەزگایەکی راگەیاندنەوە لێدوانی جیاجیا بڵاودەکریـَتەوە لە بارەی بودجەی ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانەوە کە گوایە حکومەتی فیدراڵی عێراق بەردەوام ئەو بودجەیەی مانگانەی ناردووە بۆ حکومەتی ھەرێمی کوردستان ، لێرەشدا بە مەبەستی دەرخستنی راستیەکان بەرێز فەریق جەبار یاوەر مەندە ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دوای سۆراخ و پرسیارکردنی بەرێزیان لە دامودەزگا پەیوەندیدارەکان لەو بارەیەوە ئەم راگەیاندراوەی بلاوکردەوە.

سەڕەرای بوونی بڕگەیەکی پەیوەندیدار بە بودجەی ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە یاساکانی بودجەی سالانەی حکومەتی فیدراڵی عێراق لە " ساڵی ٢٠٠٧ وە تاکو ساڵی ٢٠١٥ " بە ناوەرۆکی جیاجیا لە ھەموو ساڵێک ، بەلام ھەتاکوئێستا بە ھیچ شێوەیەک و لە ھیچ ساڵێک ھیچ بڕە پارەیەک وەکو بودجەی سالانەی ھێزەکانی پێشمەرگە لەلایەن حکومەتی فیدراڵی عێراقەوە تەرخان نەکراوە بۆ ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و تەنانەت ھیچ جۆرە چەک و کەلوپەل و ئامێری سەربازیش لەلایەن وەزارەتی بەرگری حکومەتی فیدراڵی عێراقەوە دابین نەکراوە بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە ، سەرەرای ئەوەی ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و گشت ھێزەکانی پاراستنی ھەرێم بەپێی بڕگەی پێنجی ماددەی (١٢١) ی دەستووری فیدراڵی عێراق ، ھێزی یاسایی و دەستورین و بەشێکن لە ھێزەکانی سیستمی بەرگری و ئاسایشی دەوڵەَتی فیدراڵی عێراق و ئەرکەکانیان بەو پەڕی دڵسۆزییەوە ئەنجام داوە ، لە بەرگری و پاراستنی ئاسایش و ئارامی ھەرێمی کوردستان لە ھەر ھەرەشەیەک و بە تایبەت لە دوای ١٠-٦-٢٠١٤ ، وە لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش و لەوپێناوەدا ھاتوەکو ئەم ساتە (١٢٨٨ شەھیدی نەمر و ٦٢ بێ سەروشوێن و ٧٥٤٤ برینداری قارەمان) وەکو قوربانی لەو پێناوەدا گیانیان بەخشیووە.
بۆ زیاتر دڵنیا بوون لەو راستیە ، لە پێشتردا لیژنەیەکی بالای پسپۆر لە بواری ژمێریای و چاودێری و میرەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە و بە بەشداری نوێنەرێکی وەزارەتی دارایی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکیان سازکرد ، لەگەڵ لیژنەیەکی تایبەتی حکومەتی فیدراڵی عێراق لە نوێنەرانی ژمێریاری و میرەی وەزارەتی بەرگری حکومەتی فیدراڵ بە بەشداری نوێنەرێکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بە مەبەستی گفتووگۆ و تاوتوێکردنی ئەو بڕگە یاساییەی کە لە بودجەی حکومەتی فیدراڵی عێراقدا لە بارەی بودجەی ھێزەکانی پێشمەرگەوە داڕێژراوە ، لیژنەی حکومەتی فیدراڵی عێراق بێ ئاگایی خۆیان پیشاندا لە بارەی بوونی ئەو بڕگە یاساییە کە لە یاسای بودجەی فیدراڵی عێراق و تەنانەت جەختیان کردەوە لەسەر ئەوەی کە ئەوان ھیچ زانیاریەکیان نیە لە بارەی بودجەی ھێزەکانی پێشمەرگە و کۆنووسی ئەو کۆبونەوەیەش بە ئیمزای گشت بەشداربووانەوە لە وەزارەتی پێشمەرگە دیکۆمێنت کراوە.
سکرتێری رۆژنامەوانی
فەریق جەبار یاوەر مەندە
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە
وئەندام ووتەبێژی فەرمی
فەرماندەیی گشتی ھێزەکانی پاراستنی ھەرێم
٢٤-١١-٢٠١٥






باسنیوز
Top