شنگال بەسەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگە ئازادكراوە

شنگال بەسەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگە ئازادكراوە
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان قاسم شەشۆ فەرماندەی فەرماندەیی هێزی شنگال گوتی: هەموو جیهان ئاگادارە كە هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر شنگال و داگیركردنی شنگال لەلایەن ئەو گرووپە تیرۆریستییەوە چەند كارەساتێكی گەورە بووە. تیرۆریستانی داعش رووی راستەقینەی خۆیان پیشانی جیهان دا كە چەند دڕندە و بێ ئەخلاق و بێ ویژدان بوون و ئەمانە پەیوەندییان بە ئیسلامەوە نییە. ئەو تیرۆریستانە دوای داگیركردنی شنگال دەستیان لە هیچ نەپاراست، هەوڵیاندا هەموو خەڵكی ئێمە لە ژن و منداڵ هەتا پیرەمێردی 120 ساڵی هەمووی كۆمەڵكوژ بكەن، هەتا ئێستاش نازانین بە درووستی ئاماری كوژراوەكانی ئێمە چەندە، بەدروستی نازانین چەند كچ و ژنی ئێمە لای تیرۆریستانی داعش یەخسیر كراون و هەر لەبەردەستی ئەوان ماون، ئەوەی مەزندە دەكرێت ئەوەیە زیاتر لە 5000 هاووڵاتی ئێمە شەهید بوون، زیاتر لە 5000 كچ و ژنی ئێمە هەتا ئێستا لای تیرۆریستانی داعش ماونەتەوە. بۆیە ئەم كارە بێ ئەخلاقی و دڕندەییەی ئەو تیرۆریستانە بەرامبەر كوردانی ئێزیدی ئەنجامیان دا، كارێكە هەموو جیهان مەحكوومی دەكات و تەنانەت هیچ موسڵمانێك لەم جیهانەدا تیرۆریستانی داعش وەك موسڵمان قبووڵ ناكات.

قاسم شەشۆ هەروەها گوتی: ئامانجی سەرەكیی تیرۆریستانی داعش بۆ لەناوبردنی تەواوی ئێزیدییان بوو، هەر بۆیە داعشییەكان دوای داگیركردنی شنگال 16 جار هێرشیان كردە سەر مەزاری شێخ شەرەفەدین، بەڵام بە پێشتیوانی خوا و بە هیممەتی پێشمەرگە هەموو هێرشەكانیان تێكشكێندراو رێگە نەدرا دەستی چەپەڵی تیرۆریستان بگاتە ئەو مەزارە پیرۆزە، بۆ ئێمەی ئێزیدی مەزاری شێخ شەرەفەدین دوای لالش شوێنیكی پیرۆزە، بۆیە تیرۆریستان ئامانجیان ئەوە بوو دوای داگیركردنی ئەو مەزارە، چیای شنگالیش داگیر بكەن و هەموو ئەو خەڵكەی لە چیای شنگال بوو كە 50-60 هەزار كەس مەزندە دەكران، هەموویان كۆمەڵكوژ بكەن، یان دەستگیریان بكەن، بۆیە بە راشكاوی دەڵێم: ئێمە هەتا پێش 18ی 12ی 2014 و ئازادكردنی چیای شنگال، بارودۆخمان زۆر خراپ بوو، بەڵام دوای ئەوەی بە سەرپەرشتی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی ئەو چیایە ئازادكرا، ئێمە لە چیای شنگال لەگەڵ جەنابی سەرۆك بارزانی كۆبووینەوە، ئەو پێی راگەیاندین ئەو مقاوەمەتەی بۆ پارێزگاریكردن لە مەزاری شێخ شەرفەدین كراوە، قارەمانەتییەكی بێ وێنە بووە، هەروەها دواتریش كە جەنابی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان خۆی هاتە مەزاری شێخ شەرفەدین و ناوچەكەی بینی زۆر ستایشی ئەو مقاوەمەتەی كرد.


شايانى باسه شەشۆ هەروەها گوتی: پێش ئەو بەروارە، تیرۆریستانی داعش بەردەوام بوون لە هێرشكردن، بۆیە من راستەوخۆ تەلەفونم بۆ بەڕێز مسرور بارزانی كرد و بارودۆخەكەم بەتەواوەتی تێگەیاند، بەوەی ئەگەر یارمەتیمان نەگاتێ باردۆخەكەمان خراپتر دەبێت، دوای ئەم تەلەفۆنە جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی فەرمانی كرد بە هەر رێگەیەك بێت و چۆن دەكرێت، دەبێت چەك بۆ ئێمە بنێرن و چەك بگاتە دەستی ئێمە، بۆ ئەمەش هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە دوو قۆڵەوە، هەوڵیاندا رێگەی سەرەكی بۆ گەیشتن بە چیای شنگال پاك بكەنەوە و بە تەواوەتی چیای شنگال ئازاد بكرێت، بە ئازادكردن و پێكەوە گرێدانەوەی چیای شنگال بە كوردستانەوە، ئیدی بارودۆخی ئێمە گۆڕا، جەنابی سەرۆك خۆی هاتە سەر چیای شنگال و لەوێوە پێی راگەیاندین: من ئیسراحەت ناكەم، هەتا شنگال رزگار نەكرێت، ئەگەر 1000 پێشمەرگەش بۆ ئازادكردنی شنگال شەهید بكرێن، هەر دەبێت شنگال رزگار بكرێت.»

لە كۆتایی قسەكانیدا قاسم گوتی: پێش دەستپێكردنی پرۆسەی ئازادكردنی شنگال لەگەڵ سەرۆك بارزانی كۆبووینەوە، سەرۆك بارزانی تەواوی پلانی سەربازیی ئازادكردنی شنگالی بۆ باسكردین و لێی پرسین، ئێمە بە چەند كات دەتوانین ئەم پرۆسەیە بە سەركەوتوویی ئەنجام بدەین؟ ئێمە لەوەڵامدا پێمان راگەیاند، تەنیا جەنابت فەرمان بدەیت، پرسی ئازادكردنەوەی شنگال چەند كاتژمێرێكی دەوێت، هەربۆیە كە جەنابی سەرۆك بارزانی فەرمانی دەستپێكردنی پرۆسەی ئازادكردنی شنگالی دەركرد، لە هەموو قۆڵەكانی رۆژئاوا، رۆژهەڵات، ناوەند، پێشمەرگە لە چەند كاتژمێرێكدا توانی هەموو قۆڵەكان بە سەركەوتوویی پاكبكاتەوە و بە تەواوەتی شنگال گەمارۆ بدا و چاوەڕێی فەرمانی چوونە ناو شنگال بێت، ئەم هەڵمەتانەی پێشمەرگە لە هەموو قۆڵەكانەوە لە ماوەی چەند كاتژمێرێكدا بە سەركەوتوویی كۆتایی هات و هەموو قۆڵەكان یەكیان گرتەوە، بەڵام بۆ چوونە ناو شنگال پەلە نەكرا و هێڵرایەوە بۆ رۆژی دواتر، رۆژی دواتر پێشمەرگە چووە ناوشنگال و لە كاتێكی كەمدا تەواوی شنگالی كۆنتڕۆڵ كرد، بۆیە ئەم پرۆسە گەورەیە بە كەمتر لە 48 كاتژمێر بە سەركەوتوویی كۆتایی هات.



بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1051)
Top