فراکسیۆنی پارتی: ئەوانەی سوکایەتی بە ئاڵای کوردستان و بارزانی دەکەن چارەنووسیان زیندانە
لە دوای ئازادکردنەوەی شنگال، بەشێک لە پەرلەمانتارەکانی دەوڵەتی یاسا هێرشی راگەیاندنیان بۆ سەر سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەست پێکردووە و بەشێکیان هەڕەشە لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەن، بەتایبەتی دوای لێدوانی محەمەد سەعدون سەهیود ئەندامی دەوڵەتی یاسا لە ئەنجومەنی نوینەرانی عێراق.
لەمبارەوە تاریق گەردی جێگری سەرۆکی لیستی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راگەیاند ماوەیەکە لێرە و لەوێ هەست دەکەین ئەندامانی دەوڵەتی یاسا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانەکانیاندا ژەهری پیس دەڕژێننە سەر پرۆسەی سیاسی لە هەموو عێراق و بەتایبەتی هەرێمی کوردستان، بەدیاریکراوییش لەسەر کەسایەتی بارزانی، ئێمە پێمان وایە هێرشەکان لەو ڕوانگەوەیە کە هەموو هێزەکانی عێراقی و حەشدی ناشەعبی نەیانتوانی ڕومادی ئازاد بکەنەوە، بەڵام پێشمەرگە بەسەرپەرشتی سەرۆک بارزانی توانی لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێر قەزای شنگال و گوندەکانی ئازاد بکاتەوە کە سنووری 200 کیلۆمەتر بووە، بۆیە دەیانەوێت بە قسەی ناشیرین بەرانبەر بە بارزانی فیتنە دروست بکەن، بەڵام ئەوانە دەبێت بزانن دەکەونە زبڵدانی مێژوو.
هەروەها گوتی "گروپێکی نزیک لە نوری مالیکی جێگری سەرکۆماری عێراق، لە هەوڵی دروستکردنی ئاژاوەدان لە عێراقدا و چارەنووسیشیان کونجی زیندانە".
گەردی دەشڵێ "دوێنێ بەناوی سەرجەم فراکسیۆنە کوردیەکان بەیانامەمان دەرکردووە، داوامان کردووە ئەوانەی سوکایەتی بە کەسانی ئاینی و سیاسی و پیرۆزییەکان دەکەن، لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت و لەمبارەیەوە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەرپرسیارە".
باسنیوز
