دەستڕێژی گوللە لە دەمیرتاش کرا

 دەستڕێژی گوللە لە دەمیرتاش کرا
لە شاری ئامەدی باكووری كوردستان لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە دەستڕێژی گوللە لە سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان HDP كرا، بەهۆی ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەشی گوللەنەبڕ بووە، گیانی پارێزراو بووە و لە هەوڵی کوشتن رزگاری بووە.

سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی هەدەپە لە تویتێکدا لە ئەژماری تایبەتی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، بڵاویکردووەتەوە" شەوی رابردوو دوای ئەوەی گەیشتووەتە فڕۆکەخانەی ئامەد و لەڕێگەی گەیشتنی بە ماڵەوە، لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراو دەستڕێژی گوللەی لێکراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەی گوللەنەبڕ بووە، گیانی سەلامەت بووە و لە هەوڵی کوشتن رزگاری بووە".

دەمیرتاش لە تویتەکەیدا نووسیویەتی " مردن بە دەست خودایە و منیش لە هەوڵێکی کوشتنی سەد لە سەد رزگارم بوو، بەڵام رۆژێک دێت هەر دەمرین و، گرنگە بەسەر بەرزی لەپێناو خاک و نیشتماندا بمرین".

ناسنامه‌ی ته‌قەكەرەكان نادیاره‌و ئۆتۆمبێله‌كه‌ی ده‌میرتاشیش گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ بنكه‌ی پۆلیس له‌ شاری ئامه‌د، دۆسیەی لێكۆڵینه‌وەش بۆ رووداوه‌كه‌ کراوەتەوە و دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردووە.








رووداو-
Top