ئازادكردنی شنگال ئاراستەی تیرۆریستانی داعشی لە هێرشبردنەوە گۆڕی بۆ بەرگری لەخۆكردن و ئێستا هەموو جیهان شانازی بە پێشمەرگەوە دەكات

ئازادكردنی شنگال ئاراستەی تیرۆریستانی داعشی لە هێرشبردنەوە گۆڕی بۆ بەرگری لەخۆكردن و ئێستا هەموو جیهان شانازی بە پێشمەرگەوە دەكات
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان پرۆفیسۆر سابت عەبدوڵڵا لە زانكۆی جۆرج تاون گوتى: لە راستیدا پەیامەكان زۆرن، یەكێك لەوانە ئەوەیە كە ئێستا داعش لە حاڵەتی بەرگریدایە، ئەو تێكشكانەی داعش لە كۆبانێ و هەروەها رزگاركردنی شنگال و ئەو پێشڕەوییانەی كە پێشمەرگە بەرانبەر داعش كردوویانە، وایكردووە داعش لە ئێستادا و بە شێوەیەك لە شێوەكان بكەوێتە باری بەرگرییەوە و لێرەشەوە هێرشەكانی پاریس بە دووشێوە خزمەتی داعش دەكات:


سابت عەبدوڵڵا هەروەها دەڵێ: ئامانجەكانمان ئەوەیە كە درزێك درووست بكەن لەنێوان دانیشتووانی موسڵمان لە ئەوروپا و هەروەها خەڵكی ئەوروپا، دەیانەوێت ئەمە ببێتە شەڕی نێوان موسڵمانان و رۆژئاوا، ئەگەر بتوانن ئەمە بەدەست بێنن، ئەوا سەركەوتنێكی گەورەیە بۆ ئەوان، بۆیە بە پەلارمادانی خەڵكی مەدەنی بەم شێوەیە لە پاریس و فڕۆكە رووسییەكە كە لە میسر خرایە خوارەوە و شوێنانی دیكە، ئامانجیان ئەوەیە كاردانەوەی رەگەزپەرستی دژی موسڵمانان لە ئەوروپا دروست بێت. بە داخشەوە هەندێك لە پارتە سیاسییەكانی ئەوروپا و لە ئەمەریكاش هەندێك لەوانەی خۆیان بۆ سەرۆكایەتی كاندید كردووە، خۆیان خستووەتە داو و تەڵەكەی داعشەوە و یارییان پێدەكەن بەوەی كە هەندێك لێدوانیان داوە دژ بە پەنابەران، ئەمانە هەموو خزمەت بە داعش دەكەن و هیوادارم كە ئەمە بەدی نەهێنن. مەسەلەیەكی تر بۆ داعش ئەوەیە كە دەیانەوێت بڵێن هێشتا بەهێزن بۆ ئەوەی خەڵكی زیاتر لە رۆژئاواوە پێوەندییان پێوە بكەن.


شايانى باسه عەبدوڵڵا هەروەها دەڵێ: من نازانم ژمارەی ئەو كەسانە چەند دەبێت، بەڵام گومانم نییە كە ئەو گرووپە شەڕانگێزە لەسەر ناڕازیبوونی موسڵمانانی ئەوروپا و ئەمەریكا دەژین و هەوڵدەدەن هاوسۆزییان بەدەست بهێنن بۆ ئەو پەیامەی هەڵیانگرتووە كە پەیامی وێرانكاری و كوشتارە، بۆیە مەزندە دەكرێت پەلاماری زیاتر رووبدات، بەڵام زۆر گرنگە بۆ هێزە پێشكەوتنخوازەكان لە رۆژئاوا و ئەو گرووپانەی شەڕ لەگەڵ داعش دەكەن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە تەواو بە روونی پیشانی بدەن كە شەڕەكە لێرەدا لە نێوان ئیسلام و رۆژئاوادا نییە، بەڵكو بەڕاستی شەڕی نێوان دوو دیدە بۆ ئەوەی چۆن خەڵك بەڕێوە ببرێت، كە دیدێكێان دیموكراسیە بۆ ئەوەی خەڵك ئازاد بێت لەوەی هەرچیەك بپەرستێت، یان هەر ئایینێك هەڵبژێرێت كە دەیەوێت و چەند مافێكی دیاریكراوی هەبێت كە كەس نەتوانێت هەر چۆنێك بێت دەستی بۆ ببات. هەروەها دیدێك كە بەڕاستی فاشیستییە، بەلای منەوە داعش گرووپێكی فاشیستییە و ئایین وەك ئایدیۆلۆژیای خۆی بەكار دەهێنێت هەروەك چۆن فاشییەكان لە ئەوروپا نەتەوەپەرستییان بەكار دەهێنا، یان سەدام حوسەین نەتەوەپەرستی لە عێراقدا بەكارهێنا، هەموو ئەمانە بە شێوەیەكی گشتی سەرپۆشن بۆ ئەو ئامانجە راستەقینەیەی هەیانە كە بریتییە لە سەركوتكردنی سەرجەم ئازادییەكان و پەكخستنی پرۆسەی بە بەدیموكراسی كردنی كۆمەڵگە و سنوورداركردنی ژیانی خەڵكە، ئەمە ئەو شتانەیە كە داعش نوێنەرایەتی دەكات و پێموایە زۆر گرنگە ئەو گرووپانەی شەڕ لەگەڵ داعش دەكەن لەناوچەكەدا.


لە كۆتایی قسەكانیدا سابت دەڵێ: لەم رووەوە دەتوانین بڵێین رووسیا نموونەیەكە و چینیش نموونەیەكی ترە، هەر بەم دواییانە بیستمان كە هاونیشتمانییەكی چینی لەلایەن داعشەوە كوژرا، بۆیە زۆر گرنگە بۆ ئەو هێزانەی سەركردایەتی شەڕ لە دژی داعش دەكەن، ئیتر چ هەرێمایەتی و چ نێودەوڵەتی بن، هەر شتێك بكەن كە دەتوانن بۆ ئەوەی بەرەیەكی یەكگرتوو بۆ تێكشكانی ئەو هێزە شەڕانگێزە دروست بكەن. بەڵام لە نێو وڵاتاندا جیاوازی زۆر بەرچاو هەیە، ئەمەریكا جیاوازی زۆری هەیە لەگەڵ رووسیا، زۆر نیگەرانی هەیە لەوەی ئێران تێوەبگلێت لە ناوچەكەدا، یان هاوكاریكردنی بۆ ئەسەد، هەروەها پرسی توركیا و نیازەكانی، بەڵام بە بۆچوونی من لێرەدا فاكتەرێكی هاوبەش هەیە، ئەویش ئەوەیە كە داعش مایەی هەڕەشەیەكە كە گەورەترە لە جیاوازییەكانی نێوان پارتە جیاوازەكان. لەبەر ئەوە دەبێت هەموو هەوڵێك بدرێت بۆ هەوڵدان و دروستكردنی بەرەیەكی یەكگرتوو، بەدروستكردنی بەرەیەكی یەكگرتووش دژی داعش زۆر لەو جیاوازییانەی لەنێوان ئەو لایەنانەدا هەیە، بۆ خۆی چارەسەر دەبێت.



بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1051)
Top