راسپاردەمان بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەوەیە نەك رێگر نەبن بەڵكو هاوكار بن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان
«رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گێژاودایە، هەرەسهێنانی دەوڵەتی عێراق و پێشڕەویی دڕندانەی داعش و شەڕی ناوخۆیی سووریا و هەروەها هەنگاوی ئەم دواییەی رووسیا بۆ پشتگیریكردنی بەشار ئەسەد، ئەمانە بوونەتە جێی سەرنجی سیاسەت داڕێژەرانی هەر دوو بەرەی ئەتلانتیك و هەروەها لە ناوچەكەشدا، كە دەبێت ئەمانە زەنگی بە ئاگاهێنانەوە و هۆشیاركردنەوە بن بۆ سیاسەت داڕێژەرانی ئەمەریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش، چونكە ئەو رێچكەیەی لە ئێستادا گیراوەتەبەر مایەی شكستە. لە نێو ئەم پشێوییانەدا ئێمە مەسەلەیەكی گرنگمان فەرامۆش كردووە، ئەویش كاروانی سەربەخۆیی كوردی عێراقە، ئێمە ئەو راستییە دەزانین كە ئەمە بەشێكە لە پرسێكی گەورەتر، بەڵام تەركیز لەسەر واقیعێك و راستیەك دەكەین كە وەك پێویست شیكردنەوەی بۆ نەكراوە و لەبەرچاونەگیراوە. باوەڕمان وایە پێویستە كوردی عێراق و بەغدا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بڕیاری سەخت بدەن لە پێوەندی بە كاروانی بەڕێكەوتووی كوردی عێراق بەرەو سەربەخۆیی.
نانسی سۆدێربێرگ دەڵێ: لەبەر ئەوە راسپاردەی ئێمە بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەوەیە كە چیتر رێگە لە كاروانی سەربەخۆیی كوردی عێراق بەرەو سەربەخۆیی نەگرێت. چونكە ئەگەر ئاوڕێك بۆ دواوە بدەینەوە ئەوا كورد لە ساڵی 1991ەوە دەوڵەتی ئەمری واقیعیان بنیاد ناوە، هەروەها لە ماوەی 12 ساڵی دوای داگیركردنی عێراق لە لایەن ئەمەریكاوە – لە ساڵی2003دا- كورد هەوڵیداوە كار لەگەڵ حكومەتی عێراقدا لە بەغدا بكات، بەڵام لەگەڵ هەرەسهێنانی عێراق و لەگەڵ بەرهەڵستییەكانی بەغدا چیتر كورد ناتوانن ئەم كارە بكەن. لە ماوەی گفتوگۆكانی پەیوەست بە دەستووری ساڵی 2005ی عێراق، كورد مەرجیان هەبوو بۆ مانەوە لە چوارچێوەی عێراقدا، ئەویش ئەوە بوو كە عێراق وڵاتێكی دیموكرات و فیدڕاڵ و نامەركەزی بمێنێتەوە، بەڵام چیتر ئەم چەشنە عێراقە لە ئارادا نییە. لە مانگی تەمموزی ساڵی 2014دا هەرێمی كوردستان پلانی سازدانی راپرسی راگەیاند كە زەمینەی بۆ جاڕدانی سەربەخۆیی خۆش دەكرد.
هەروەها سۆدێربێرگ دەڵێ: راسپاردەمان بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەوەیە لەو راستیە تێبگات كە كوردی عێراق هەنگاو بەرەو سەربەخۆیی دەنێت و كار بكات لەگەڵ هەرێمی كوردستان و عێراق و دەوڵەتە دراوسێكان بۆ پشتیوانیكردن لە پەرەدان بە نەخشەڕێگا و خشتەیەكی زەمەنی شەفاف لە بارەی ئەگەری بڕیاری جیابوونەوە لە عێراق- لە لایەن كوردەوە-، چونكە شەفافییەت پێوەندییەكانی دوای سەربەخۆیی پتەوتر دەكات. هەروەها دەبێت یارمەتی راستەوخۆ دەستەبەر بكرێت بۆ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی نەخشە و ئەنجامدانی هەر راپرسییەك لە بارەی سەربەخۆییەوە بە پێی ستانداردە نێودەوڵەتییەكان بێت و پێویستە چاودێر بنێرن بۆ دڵنیابوون لەوەی راپرسییەكە بێخەوش و دادپەروەرانە بێت. دەمەوێت پەنجە بخەمە سەر گرتنەبەری هەوڵی زیاتر بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش لە ناوچەكەدا.
شايانى باسه نانسی دەڵێ: بە رەچاوكردنی پێداویستی بەپەلەی ئەمنی لە ناوچەكەدا راسپاردەی ئەوە دەكەین كە ئەمەریكا پەرە بە پلانێك بدات بۆ دامەزراندنی بنكەیەكی سەربازی لە كوردستانی عێراقدا كە تەواو كارا دەبێت ئەگەر هاتوو كوردستانی عێراق سەربەخۆیی بەدەست هێنا. هەروەها بەلەبەرچاوگرتنی ئەمنی ئەوا كورد دۆستانە پێشوازی لێدەكەن و ئەوان جەنگاوەری باشن و ئەمەش بە شێوەیەكی دراماتیكی پەرە بە بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا دەدات.
لە كۆتاییدا نانسی دەڵێ: راسپاردەی ئەوەمان هەیە كە راستەوخۆ كۆمەك بدرێتە دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەك وەزارەتی پلاندانان و تەندروستی و هەروەها رێكخراوە ناحكوومییە مەحەلییەكان كە خزمەتگوزاری تەندروستی و مرۆیی پێشكەش دەكەن بۆ هاوكاریكردنی لە چارەسەركردنی قەیرانەكەدا.
- بە دڵنیاییەوە هیچ دەوڵەتێكی نوێ ئامادەی سەربەخۆیی نابێت، بەڵام كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەتوانێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم تەحەددییاتە هاوكاری كورد بكات.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1051)
