نێچیرڤان بارزانی: پارتی و یهكێتی هاوڕان كه پڕۆژهیهكی هاوبهشیان لهسهر ههموو پرسهكان ههبێت
نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە بە سەرپەرشتیی هەریەك لە (نێچیرڤان بارزانی) جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و (مەلا بەختیار) لێپرسراوی دەستەی كارگێری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هەردوو مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و پارتی كۆبوونەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا چۆنیەتیی چارەكردنی كێشە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و ڕەوشی ناوچەكە بەگشتی گفتوگۆی لەسەر كرا و دوای كۆتییهاتنی كۆبوونەوەكەیش، كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی بۆ هەریەك لە (نێچیرڤان بارزانی) جێگری سەرۆكی پارتی و (مەلا بەختیار) لێپرسراوی دەستەی كارگێڕیی یەكێتی ڕێكخرا و تیایدا (نێچیرڤان بارزانی) جیا لە بەخێرهێنانی شاندی یەكێتی، باسی لەوە کرد كۆبوونەوەكە لە بەردەوامی ئەو كۆبوونەوانەن كە لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بۆ چارەكردنی كێشە و گرفتە سیاسییەكان ئەنجام دەدرێن و كۆبوونەوەكەیشی بە زۆر باش ناوبرد و ئاشكرایكرد كە هەردوولا لەسەر ئەوە كۆك بوون دەبێت ئەولەویەتی كاری ئێستا ڕێكخستنی ناوماڵی كورد بێت، بەتایبەت لەنێو ئەو پێشهاتانەی كە ئێستا ناوچەكە بە شێوەیەكی گشتی بەخۆیەوە دەبینێت.
هەروەها ڕایگەیاند كە شاندی یەكێتی هەندێك پێشنیار و بیروڕایان بۆ چارەكردنی كێشەكان پێشكەش بە شاندی پارتی كردووە و ئەوانیش لێكۆڵینەوەیان لەسەر دەكەن و دواتر كۆبوونەوەكان بەردەوام دەبن بۆ گەیشتن بە لێكگەیشتنی هاوبەش و چارەكردنی كێشەكان. هەروەك ڕایگەیاند كە لە كۆبوونەوەكەدا باس لە بارودۆخی ناوچەكە و بەرەوپێشەوەبردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەموو لایەنەكانی هەرێمی كوردستان بەگشتی و بەتایبەتی پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان كراوە و ئەوەشی خستەڕوو كە بەرپرسیاریەتی هەموو لایەنەكانە بەیەكەوە كار بكەن بۆ گەیشتن بە دید و بۆچوونێكی هاوبەش لە بەرامبەر ئەو ڕەوشەی كە ئێستا هەرێمی كوردستان پێیدا گوزەر دەكات و بەرپرسیارێتی گەورەش لە هەموو بوارەكاندا دەكەوێتە سەرشانی هەریەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.
لەبارەی گەڕانەوەی وەزیرەكانی گۆڕانیشەوە ئاماژەی بەوە دا كە یەكێتی چەند پێشنیازێكی كردووە و ئەوانیش لێكۆڵینەوەی لەسەر دەكەن و جەختی لەوەش كردەوە كە لە نێوان خراپ و خراپتر ئەوان ناچاربوون یەكێكیان هەڵبژێرن و دوورخستنەوەی وەزیرەكانی سەر بە بزووتنەوەی گۆڕانیش بۆ ئەوە بوو كە كێشەكان لەوە زیاتر گەورە نەبن و لەگەڵ شاندی یەكێتیش ئەو بابەتەیان گفتوگۆ كردووە و هەوڵەكانیان بۆ ئەوەن ئەم كێشەیە چارە ببێت.
دەربارەی هاوپەیمانیی ستراتیژیی نێوان پارتی و یەكێتیش، ئەوان یەكێتی بە هاوبەشی سەرەكیی پارتی لە حوكمڕانی كوردستاندا دەزانن كە هاوپەیمانییەكە بە ئاسان دروست نەبووە و چەندین قۆناغی سەختی بڕیوە و هەردوولا بە یەكەوە بڕیاریان لەسەر پرسە جیاوازەكانی پەیوەست بە هەرێمی كوردستان داوە. پێشنیازەكانی یەكێتیشی بۆ خەمخۆری ئەو حزبە بە ئاراستەی چارەكردنی كێشەكان گەڕاندەوە.
سەبارەت بە لێدوانە جیاجیاكانی بەرپرسان لەبارەی دۆسیەی نەوت كە هەندێكیان دەڵێن یەكێتی ئاگاداری دۆسییەكە نییە، جێگری سەرۆكی پارتی ئاماژەی بەوە دا كە یەكێتی پۆستی جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بەدەستەوەیە و دۆسیەی نەوتیش لەگەڵ جێگری سەرۆكی حكوومەت باس دەكرێت و جەختی لەوە كردەوە كە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا باسی ئەو پرسەش كراوە و هەردوولا هاوڕابوون كە پڕۆژەیەكی هاوبەشیان لەسەر هەموو پرسەكان هەبێت.
دەربارەی هاتنی حەشدی شەعبی بۆ ناوچە كوردستانییەكانیش، بەرێز نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند كە ئەوان بە پێزانینەوە سەیری ڕۆڵی حەشدی شەعبی لە بەرگریكردن و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش دەكەن و بە پێویستی زانی لە خەتی تەماسی نێوان پێشمەرگە و حەشدی شەعبی هەماهەنگی هەبێت بەشێوەیەك گەر لە شوێنێك پێشمەرگە پێویستی بەوان هەبێت بەپێی هەماهەنگیی نێوان هەردوولا حەشدی شەعبی هاوكاریی پێشمەرگە بكات، بەڵام ئەو شوێنانەی كە پێشمەرگە دەتوانێت بیانپارێزێت، وا باشترە حەشدی شەعبی نەیەتە ئەو ناوچانە. هیوای خواست ئەوەی كە لە خورماتوو ڕوویدا بە هەماهەنگی لەنێوان هەردوولادا چارە بكرێت و لەمبارەیەشەوە ڕۆڵی مەلا بەختیار و وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بەرز نرخاند.
هەر لەبارەی ناوەرۆكی كۆبوونەوەكەوە، ئاماژەییشی دا كە ئەوان وای دەبینن كۆبوونەوەكە سەرەتای پەیوەندییەكی نوێیە لە نێوان پارتیی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و لەگەڵ لایەنەكانی دیكەش بە شێوەیەكی گشتی. ئەوان پێیان وایە لەمڕۆ بەدواوە دەكەونە پەیوەندییەكی نوێ لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.
دەربارەی مەرجەكانی بزووتنەوەی گۆڕان سەبارەت بە گەڕانەوەیان بۆ ناو حكوومەت، جێگری سەرۆكی پارتی ئاشكرای كرد كە ئەوان بە شێوەیەكی فەرمی نەیانبیستووە گۆڕان مەرجی بۆ گەڕانەوە هەبێت و تا بە فەرمیش ئەو داوایەیان لێ نەكرێت، ناتوانن وەڵامی پرسیارێكی ئاوا بدەنەوە، بەڵام بۆ چارەی كێشەكان حەق نییە نە ئەوان و نە هیچ لایەنێك باسی مەرج و دانانی مەرج بكات و دەبێت دانیشتن بكرێت بۆئەوەی بگەنە لێكگەیشتن و چارەسەرێكی هاوبەش و ئەمەش سیاسەتی پارتی دیموكراتی كوردستانە و لەگەڵ شاندی یەكێتیش ئەمە باسكراوە.
لای خۆیەوە مەلا بەختیار باسی لە هەوڵەكانی یەكێتی بۆ ئارامكردنەوەی ڕەوشی سیاسیی كوردستان كرد و پشتگیریی خۆی بۆ قسەكانی نێچیرڤان بارزانی دەربڕی و كۆبوونەوەكەشی لە هەموو ڕوویەكەوە بە بەرپرسیارانە وەسفكرد و یەكڕیزی و یەكگرتوویی لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قۆناغی ئێستا دووپات كردەوە و هیوای خواست كۆبوونەوەكانی ئایندە بۆ چارهكردنی كێشەكان بەرهەمدار بن.
لەبارەی هاوپەیمانیی ستراتیژیی نێوان پارتی و یەكێتیش بەڕێزیان ڕایگەیاند كە هاوپەیمانییەتەكە هەڵنەوەشاوەتەوە و لە كۆبوونەوەكەش باس لە هەمواركردنەوە و باشكردنی هاوپەیمانییەكە نەكراوە، بەڵكو زیاتر باس لە چۆنییەتی چارەكردنی كێشەكان كرا. سەبارەت بە دۆسیەی نەوتیش ئاشكرایكرد كە ئەمە كاری حكوومەت و ئەو دەستە پەیوەندیدارانەیە كە كار لەسەر ئەم دۆسیەیە دەكەن و هەموو لایەنەكانیش مافی خۆیانە لە هەموو پرسەكان دڵنیا بكرێنەوە. ئەوەشی نەشاردەوە كە هەموو لایەنەكان خوازیاری چارەكردنی كێشەكانن و سەرباری هەبوونی چەند كێشەیەكیش، بەڵام جومگە گرنگ و سەرەكییەكان دەستكاری نەكراون و كێشەیان تیادا دروست نەبووە.
لەبارەی كێشەكانی خورماتووشەوە، مەلا بەختیار ئاشكرایكرد كە هەر لە سەرەتای دروستبوونی حەشدی شەعبی و پرسی ڕزگاركردنی ئامرلی لە دەستی تیرۆرستانی داعش، ئەوان هیچ بڕیارێكیان نەدا و جەختیان لەوە كردەوە كە دەبێت جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندی بفەرموێت كە حەشدی شەعبی بە چ شێوەیەك بێت و بگەڕێتەوە و هیچ قسە لەسەر ئەوە نەكراوە تەنیا یەك مەفرەزەی حەشدی شەعبی لە ناوچە كێشە لەسەرەكانی كوردستان بمێنێتەوە و ئەم پرسەش لەگەڵ كاك مەسعود بارزانی باس نەكراوە. ئاماژەی بەوەش دا كە هەندێك هێزی توندڕەو هەیە لە بەغدا سووكایەتی بە كورد دەكەن و ئەوان پاراستنی گیانی هەر تاكێكی كورد لە هەر شوێنێكی ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی عێراق بێت بە بەرپرسیارێتی حكوومەتی عێراقی دەزانن.
سەبارەت بە هاوپەیمانیی نێوان یەكێتی و گۆڕانیش، ئاشكرای كرد كە لێكگەیشتنێك لەنێوان ئەوان و گۆڕاندا هەبوو و ئومێدیان هەبوو ببێتە ڕێككەوتنێكی سیاسیی نێوان هەردوولا، بەڵام نەیانتوانیوە بگەنە ئەنجامێك و گفتوگۆكانیش لەمبارەیەوە بەردەوامن. لەبارەی پەیوەندییە نوێكانی نێوان پارتی و یەكێتیشەوە ئاماژەی بەوە دا كە ئەوان لەو باوەڕەدان وەك پارتی و یەكێتی دەتوانن ئامانجی زیاتر بۆ گەلی كوردستان بەدی بهێنن و ئامانجی دیكەش لەپێشەوەن و ئەگەری دڵخۆشكەریش هەیە و ئەولەویەتی كێشەكەش ئەوەیە كە سەرەتا پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی باشتر بكرێن، ئینجا بپرژێنە سەر پەیوەندییەكانی لایەنەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان.
