مەحما خەلیل: شنگال 30 گۆڕی به كۆمهڵی لێیه
(مەحما خەلیل) قایمقامی قەزای شنگال بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "كار لەسەر گۆرە بەكۆمەڵەكانی شنگال بەردەوامە و تائێستا پینج گۆڕی بەكۆمەڵمان لە قەزای شنگال دۆزیوەتەوە كە دەكەونە ناوچەكانی (سولاخ و هەمەدان و زۆمانێ و جەدال و یەكیش لە نزیك شنگالە)، شنگال شارۆچكەی گۆرە بەكۆمەڵەكانە."
(خەلیل) ڕاشیگەیاند: "بە گوێرەی زانیاری 30 گۆڕی بەكۆمەڵ لە شنگالدا هەیە، لە هەر گۆڕێكدا كۆمەڵێك ئێزدی تێدایە؛ لە یەكێكیاندا 90 كەس و لە یەكێكی تر 76 كەس و لە یەكێكی تر 24 كەسی تێدابووە."
قایمقامی قەزای شەنگال ئاماژەیشی دا: "لیژنەیەكی پسپۆری گۆرە بەكۆمەڵەكان لە شنگالدان و بەردەوام لەگەڵیان لە پەیوەندیداین كە سەر بە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێمی كوردستانن. دەمانەوێت هەرچی زووە ئەم گۆرە بەكۆمەڵانە هەڵدەینەوە چونكە وەرزەكەی بەرەو باران و سەرما دەچێت كە ئەوكات هەڵدانەوەیان سەختتر دەبێت. هەموو لایەكیش لە هەوڵ داین ئەم تاوانەی داعش بە دیكۆمێنت بكەین بۆئەوەی ئەم تاوانە بە جینۆساید بناسێندرێت."
