فڕۆکە جەنگییەکان لە گوێڕ بۆردوومانی داعش دەکەن

 فڕۆکە جەنگییەکان لە گوێڕ بۆردوومانی داعش دەکەن
فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان بە چڕی بۆردوومانی بنکەکانی داعش دەکەن لە میحوەری گوێڕ، ئەفسەرێکی هێزی پێشمەرگەش دەڵێت " لە سێ گوندی سنوورەکە بنکەکانی داعش خاپوور کراون".

رائید کەریم غەریب، ئەفسەر لە فەوجی 501 ی فەرماندەیی گەرمیان رايگەیاند، کاژێر 4:00 سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 22/11/2015 فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان بنکەکانی داعشیان لە گوندەکانی دوێزات و سەفینە و کەنەش کردووەتە ئامانج و هەرسێ بنکەکە خاپوور کراون.

ئەو ئەفسەرەی هێزی پێشمەرگە گوتیشی "لە بۆردوومانەکەدا 5 ئۆتۆمبێلی داعش بە سەرنشینەکانییەوە تێکشکاوە و سووتێنراوە، لە گوندی کەنەش-یش ، داعش کارگەیەکی چەو و لمی کردبووە بنکەی خۆی، کارگەکە بەسەریاندا خاپوور کرا و تا ئێستاش فڕۆکە جەنگییەکان بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسووڕێنەوە".

چەند رۆژێکە فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان لە میحوەری گوێڕ - مەخموور بەسەختی بۆردوومانی بنکە و بارەگاکانی داعش دەکەن و ، دوێنێ شەممەش چەند بنکەیەکی دیکەی چەکدارانی داعش لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیماناوەوە خاپورکران.













رووداو
Top