نێچیرڤان بارزانی: قۆناخێكی نوێ لەگەڵ یەكێتی دەستپێدەكەین
كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەولێر كۆتاییهات. لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەش نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی شاندی پارتی و مەلا بەختیار، سەرۆكی شاندی یەكێتی كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانییان ئەنجامدا.
لە كۆنگرەكەدا نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند " كۆبوونەوەكەمان زۆر باش بوو، لەسەر ئەوە كۆكبووین نێو ماڵی كورد یەك بخەین، باسی پەیوەندییەكانی پارتی و یەكێتی و پەیوەندیمان لەگەڵ سەرجەم لایەنەكانی دیكەش كرد".
سەبارەت بە چارەسەركردنی كێشە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتی " بۆ ئەم قۆناخە پێویستمان بە کاری هاوبەشە، بەرپرسیاریێتی پارتی و یەکێتی لە لایەنەکانی دیکە زیاترە و یەکێتی هاوبەشێکی سەرەکی حوکمڕانی هەرێمی کوردستانە".
نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاند" كۆبوونەوەی دیكەمان لەگەڵ یەكێتی دەبێت و ئەم کۆبوونەوەیەی ئەمڕۆمان سەرەتاییەکی نوێیە لەگەڵ ئەو حیزبە". جەختیشیكردەوە چەند پێشنیازێكیان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لە یەكێتییەوە پێگەیشتوون و، پێشنیازەكانیش لە خەمخۆرییەوە بوونە بۆ بارودۆخی كوردستان.
لەبارەی ئاڵۆزییەكانی خوورماتوو و حەشدی شەعبی، لە كۆنگرەكەدا نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی پرسیارێكی دایەوە و گوتی " تا ئەو شوێنەی شەڕی داعش رێزمان هەیە بۆ حەشدی شەعبی". گوتیشی "ئێستا هاتنی حەشدی پێویست نییە، نەیەت باشترە".
لەبەرامبەردا مەلا بەختیار لەبارەی كێشەكانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند " ئێمە نێوەندگیر نین، بەڵکو خۆمان لەنێو پرۆسەکەداین". لەبارەی رێككەوتنی هەولێر و بەغداش گوتی "پێویستە بە یەکگرتوویی بچینە بەغدا".
سەرۆكی شاندی یەكێتی باسی رێككەوتنی ستراتیژی نێوان حیزبەكەی و پارتیشی كرد و گوتی " نە ئێمە و نە پارتی هاوپەیمانیێتی ستراتیژییمان هەڵنەوەشاندووەتەوە"، بەڵام گوتی "پێویستە پارتی و یەکێتی لەسەر بنەمایەکی نوێ رێکبکەونەوە".
رووداو
