كوتلەی مالیكی هەوڵی لابردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دەدات
حەیدەر مەولا، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، رێککەوتنێک لە نێو پەرلەمانی عێراقدا هەیە، کە پشکی 17%ی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژە یاسای بودجەی 2016 لاببرێت و نەمێنێت.
ئەو پەرلەمانتارەی دەوڵەتی یاسا، کە لەلایەن نوری مالیکی سەرۆکایەتی دەکرێت، زیاتر روونیکردەوە، پەرلەمان کاردەکات بۆ هەڵوەشانەوەی بڕگەی تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان و دەشڵێت: پشکی هەرێمی کوردستان لە دامەزراندن لە پڕۆژەیاساکەدا 23%یە، کە ئەمەش پێچەوانەیە و لەگەڵ ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان یەکناگرێتەوە.
پڕۆژەیاسای بودجەی 2016 بڕەكەی بە 106 تریلیۆن دینار دەخەمڵێنرێت و زیاتر لە 83 تریلیۆن دیناری داهاتەو ئەوەی دیكەیان، كە دەمێنێتەوە كورتهێنانە. وێڕاوی ئەوەی لە پەرلەمان خوێندنەوە و گفتوگۆی لەبارەوە کراوە، بەڵام ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە گۆڕانکاری لە پڕۆژەکەدا بکات، هەرچەندە تاوەکو ئێستا ئەو گۆڕانکارییەی رەوانەی پەرلەمان نەکردووە.
مەولا، ئاماژەی بەوەکرد، ئەو رێککەوتنەی کراوە لە نێوان هەولێر و بەغدا، ئەگەر بێت و هەرێمی کوردستان پابەند نەبێت بە رادەستکردنی پارەی فرۆشراوی نەوت، یاخود حکومەتی عێراق نەیتوانی پارەی هەرێمی کوردستان بدات، ئەوا رێککەوتنەکە هەڵدەشێتەوە، ئەمە پێچەوانەی بەندەکانی پڕۆژە یاسای بودجەیە.
لە پڕۆژە یاساکەدا پشکی 17%ی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، بەو مەرجەی دەبێت رۆژانە 550 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی بەغداوە هەناردە بکات، کە 300 هەزار نەوتی کەرکووک و 250 هەزاری دیکەش لە هەرێمی كوردستانەوە.
ئەحمەدی حاجی رەشید، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق راگەیاند :ئەو هەواڵانە هیچ بنەمایەکی راستی و دروستیان نییە و تەنیا بۆ موزایەدەی سیاسی دەکرێت".
ئەحمەدی حاجی رەشید، ئاماژەی بەوەکرد، بەهیچ شێوەیەک رێگە بە هەنگاوی لەم شێوەیە نادەین و لە نێو لیژنەی دارایی هەموو لایەنەکان کۆکن و لەسەر ئەوە رێککەوتووین، بە هێمنی کارەکانمان ئەنجامبدەین و هیچ لایەنێک پەنا بۆ ورووژاندن نەبات. هاوکات راشیگەیاند، هۆشداریمان بە هەموولایەنەکان داوە، هەر هەنگاوێکی لەم شێوەیە، کاردانەوەی تووندمان دەبێت و بەهیچ شێوەیەک پێی رازی نابین.
بڕیارە شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە و تاووتوێکردنی پرسی نەوت و مووچە و پشکی هەرێمی کوردستان، سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ گەورە بەرپرسانی عێراقی کۆببنەوە، بەڵام ئەنجامی رێککەوتننەکانی پێشووتر، ئەوەندە ئەرێنی نەبووە، تاوەکو هاونیشتمانیان هیواکانی خۆیان لەسەر بهۆننەوە.
رووداو
