بەیاننامەیەكی تووند لە یەكگرتووی ئیسلامییەوە بۆ بەرپرسانی شیعە
رۆژی شەممە 21-11-2015، مەكتەبی راگەیاندنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بەیاننامەیەكی تووندی لەسەر سووكایەتیكردن بە ئاڵای كوردستان بڵاوكردەوە و رایگەیاند" ئیدانەی سووكایەتیكردن بە ئاڵای كوردستان دەكەین و بەبێ حورمەتی بەرامبەر بە نەتەوەكەمان لەقەڵەمی دەدەین، چونكە ئەو ئاڵایە هەڵگری هێمای نەتەوەیی و شكۆی نیشتمانەو لە دەستووری ئێستای عێراقدا دانی پێدانراوە ".
یەكگرتوو رووی داواكانی لە بەپرسانی ئایینی و سیاسی شیعە دەكات و بەپێویستی دەزانێت بەرپرسانی سیاسی و مەزهەبی ئەهلی هەڵوێستی پێویستیان بەرامبەر بەو بێ حورمەتیكردنە هەبێت لەپێناو هێوركردنەوە و نەڕەنجاندنی شەقامی كوردی لە هەرچوار پارچەی كوردستان.
لە كۆتایی بەیاننامەكەدا یەكگرتوو ئاماژە بەوە دەكات كە ئاییندەی سیاسی عێراق پێویستی بە گیان و عەقڵی تەبایی و پێكەوەژیانە، نەك ئیستفزازكردن و رەنجاندنی یەكدی.
دوای گرژییەكانی نێوان هێزی پێشمەرگەو حەشدی شەعبی لە خورماتوو، لەچەند پارێزگایەكی شیعەنشینی عێراق بە وێنەو گرتەی ڤیدیۆیی سووكایەتی بە ئاڵای كوردستان كرا و، لە شەقامێكی كەربەلاش وێنەی ئاڵای كوردستان خرایە ژێر قاچی رێبواران و تایەی ئۆتۆمبێل، ئەمەش كاردانەوەی تووندی میللی و سیاسی لە باشووری كوردستان و نوێنەرانی كورد لە بەغدا لێكەوتەوە و لە چەند ناوچەیەكی كوردستانیش ئاڵای عێراق سووتێندرا.
رووداو
