عەزیز وەیسی: حەشدی شەعبی لە داعش خراپترە

عەزیز وەیسی: حەشدی شەعبی لە داعش خراپترە
فەرماندەی فەرماندەیی گشتی پێشمەرگەی زێرەڤانیی رایدەگەیەنێت، کە هێزەکانی پێشمەرگە هێرش دەکەنە سەر هەر ناوچەیەک، کە مەترسیی بۆ سەر هەرێمی کوردستان هەبێت.



عەزیز وەیسی، فەرماندەی فەرماندەیی گشتیی پێشمەرگەی زێرەڤانی لە چاوپێکەوتێنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵ رایگەیاندووە، کە لەو باوەڕەدایەکە ئیتر کورد لە تورکیا دەبێت بە دوای رێگەچارەی سیاسییەوە بێت و لە ھەر شوێنێک ئەگەر دەرفەتی سیاسەتکردن ھەبێت، دەبێت شەڕ و پێکدادان نەمێنێت، وەک ئاماژەیەک بۆ وەستاندنی شەڕی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و سوپای تورکیا.



عەزیز وەیسی پێیوایە رزگارکردنەوەی شارۆچکەی شنگال گرنگیی خۆی هەیە لەوەی ناوچەیەکی کوردستانییە و ستەمێکی زۆری لێکراوە لەلایەن رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، وێڕای ئەوەی رێگای نێوان موسڵ و شاری رەققەی پایتەختی داعش بوو، بەمەش رێگای هاتنی هاوکاریی بۆ چەکدارانی رێکخراوەکە بڕدرا.



ئەو فەرماندەیەی زێرەڤانی باسی ئەوەشی کردووە، کە پێشمەرگە پلانێکی تۆکمەتی داڕشتووە و بە هاوکاریی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان، ئیرادەی داعشی تێکشکاندووە و رەتیدەکاتەوە، کە هیچ لایەنێکی دیکە بەشداریی لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی شنگالدا کردبێت.



عەزیز وەیسی باسی چوونی پیشمەرگە بۆ کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان دەکات و رایدەگەیەنێت، کە پێشمەرگە دوای کۆتایی هاتنی کارەکەی، گەڕایەوە باشووری کوردستان و وەک شەڕڤانانی یەپەگە خۆیان نەکردە خاوەن ماڵ. هەروەها ئاماژە بەوەدەکات، کە پەکەکەش هاوشێوەی داعش، دەیەوێ ئێزدییەکان لە ئایینی خۆیان داببڕێنێت، بەڵام ئەم دەیانکات بە کۆمۆنیست، وێڕای ئەوەی هانی خەڵک دەدەن چەکداری میلیشیای حەشدی شەعبی، کە حەشدی شەعبی زیانی زۆر بە ناوچەکە دەگەیەنن و ”لە داعش خراپترن”.



فەرماندەی گشتیی پێشمەرگەی زێرەڤانی هەروەها رایگەیاندووە، کە لە شنگال، تەنها یەک ئاڵا دەشەکێتەوە، کە ئەویش ئاڵای کوردستانە و “لێرە یاسا سەروەرە” ئاماژەی بەوەشکردووە، کە پێشمەرگە هەر شوێن و ناوچەیەکی کوردستان رزگاربکات، خەندەقی بە دەور لێدەدات و هێڵی پاراستنی بۆ دادەنێت و حیساب بۆ هیچ دوژمنێک ناکات “ھەر شوێنێک مەترسی بۆ کوردستان ھەبێت ئێمە ھێرشی دەکەینەسەری”.



عەزیز وەیسی پێیوایە دواکەوتنی رزاگرکردنەوەی موسڵ بەهۆی نائامادەیی حکوومەت و هێزە عێراقییەکانەوە بووە، بەڵام دوای رزگارکردنەوەی شنگال و شکستی داعش، عێراقییەکان ورەیان بەرزبووەتەوە و دڵگەرمبوونە بۆ شەڕی داعش و رایدەگەیەنێت، کە “ھەرکاتێک حکوومەتی فیدراڵ ئامادە بێت، پێشمەرگەش ئامادەیە”.



بەپێی گوتەی وەیسی، لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی شنگال، کە بەسەرپەرشتیی راستەوخۆی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کوردستان ئەنجامدرا و سەرکەوتوو بوو، هێزەکانی پێشمەرگەی رۆژئاوای کوردستانیش بەشدارییان کرد، کە سەرەتا لەسەر داوای حزبەکانی رۆژئاوا و بۆ پەرتەوازەنەبوونیان، لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە مەشقیان پێکرا و لە نێو هێزێکی رێکخراو، رێکخران.










باسنيوز
Top