مەسرور بارزانی: بێگومان شنگال بەشێکی دانەبڕاوی کوردستانە

مەسرور بارزانی: بێگومان شنگال بەشێکی دانەبڕاوی کوردستانە
راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە شارۆچکەی شنگال، بەشێکی دانەبراوە و لە خاکی کوردستان و ئێزدییەکانیش ئەوەیان سەلماندووە.



مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لە سەنگەری روبەڕووبوونەوەی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە دەڤەری شنگال، لە لێدوانێکی تەلەفۆنیدا بۆ رۆژنامەی فاینەنشیاڵ تایمز، رایگەیاندووە، کە دوای ئەو ھەموو شەهید و بریندارەی هێزەکانی پێشمەرگە لە شنگال، ”بێگومان دەستی پێوە دەگرین“ و لێی ناکشێنەوە.



مەسرور بارزانی هەروەها ئاماژەی بەوەداوە، شنگال بەشێکی دانەبڕاوە لە باشووری کوردستان و لکاندنی بە پارێزگای نەینەوای زۆرینە عەرەب، هەوڵی سەدام حوسێنی سەرۆکی رژێمی پێشووی عێراق بووە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستان.



راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان باسی ئەوەشی کردووە، کە هێزی پێشمەرگە و سەرکردایەتیی سیاسیی باشووری کوردستان نایانەوێ رووبەڕووی حکوومەتی عێراق ببنەوە و لەبارەی کوردستانی بوونی شنگالیش، رایگەیاندووە، کە ”ئێزدییەکان لە ھەڵبژاردنەکانی پێشوودا بە ئاشکرا رایانگەیاندووە، کە بەشێکن لە ھەرێمی کوردستان“.



مەسرور بارزانی پێیوایە شەڕڤانانی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) و گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی شنگالدا، ویستیان نمایشێکی تاکتیکی بکەن تا بیسەلمێنن ئەوان ھەن، ئەگەرنا ”ئەوان بەشێک نەبوون لە پلانەکە“.



لەبارەی هەنگاوەکانی رزگارکردنەوەی موسڵ، کە لەمانگی حوزەیرانی 2014ـەوە لەلایەن داعشەوە داگیرکراوە، بارزانی رایگەیاندووە، کە هێزەکانی پێشمەرگە لە رۆژئاوا و رۆژهەڵاتەوە گەمارۆی موسڵیان داوە و هێرشکردنیش بۆ سەر ئەو شارە، دەبێ بە هەماهەنگیی لەگەڵ حکوومەتی عێراق بێت، بەو پێیەی رزگارکردنەوەی شاری موسڵ ئەرکی عێراق و هێزەکانیەتی.



رۆژی هەینی 13ـی تشرینی دووەمی 2015، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کوردستان، رزگارکردنەوەی تەواوەتیی شارۆچکەی شنگال و سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکەی راگەیاند، کە خۆی راستەوخۆ سەرپەرشتی دەکرد.





باسنیوز
Top