فراكسیۆنی زەرد: بە سوكایەتیكردن بە ئاڵای كوردستان نیگەرانین.. دەبێ ئەنجامدەران بدرێتە دادگا
(تاریق گەردی) جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی زەرد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانـی راگەیاند: "بڵاوبوونەوەی ئەو ڤیدیۆیەی كە تێیدا سوكایەتی بە ئاڵای پیرۆزی كوردستان دەكرێت، دەگوترێ لە شاری كەربەلایە، بەڵام هێشتا بە تەواوی دەرنەكەوتووە، بۆیە وەكو فڕاكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، نیگەرانی و دڵتەنگیی خۆمان دەردەبڕین بەرامبەر ئەو هەڵوێستە نامەردانە و نامرۆڤانەیەی هەر كەس و لایەنێك پێ هەستابێت بە سوكایەتیكردن بە ئاڵای پیرۆزی كوردستان لە یەكێك لە شەقامەكان كە جارێ پشتڕاست نەكراوەتەوە شاری كەربەلایە یاخود شارێكی دیكەیە".
(گەردی) گوتیشی: "چاوەڕێ دەكەین تا روون دەبێتەوە شوێنەكە كوێیە و كێ لە پشت ئەو كارەوەیە تا هەڵوێستمان هەبێت".
جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی زەرد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەشڵێت، سەرۆككۆماری عێراق كە ڕاگری بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و هەموو عێراقە، لە بەغداوە پارێزگاری یاسا و دەستووری عێراقە، بۆیە پێویستە لە پێش هەمووانەوە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بكات و لەگەڵ حكوومەتی خۆجێیی ئەو شارەدا قسە بكات كە تێیدا سوكایەتی بە ئاڵای كوردستان كراوە تا ئەو كەسانەی ئەو كارەیان كردووە، ئاشكرا بكرێن و بدرێنە دادگا و بە سزای خۆیان بگەن".
KDP.info-
