"هه‌رێم هیچ پاره‌یه‌كی له‌و بانكه‌ رێپدراوانه‌ی عێراق قه‌رز نه‌كردووه‌ كه‌ لقیان له ‌كوردستاندا هه‌یه‌"

وەزارەتی دارایی و ئابووری هه‌رێم وەڵامی (ئەحمەد حاجی ڕەشید) ئەندامى پەرلەمانی عێراق له‌ لیژنەی دارایی و ئابووری دەداتەوە و له‌ ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كدا ڕایدەگەیێنێت، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە هیچ شێوەیەك هیچ بڕە پارەیەكی لەو بانكانە قەرز نەكردووە كە حكوومەتی ناوەندی، ڕێی پێ داون و، لقیان لە كوردستاندا هەیە".

بەپێی ئەو نووسراوەی بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی کردووەتەوە و، وێنەیەكیش بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان نێردراوە، دەڵێ: "سەبارەت بە لێدوانی بەڕێز (ئەحمەد حاجی ڕەشید) ئەندامى پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە قەرزی هەرێم، بە هیچ شێوەیەک هیچ بڕە پارەیەک قەرز نەکراوە لە لایەن حکوومەتی هەرێمەوە، لەو بانکانەی کە ڕێپێدراون لە لایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە و، لقیان لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، بەڵکو بڕێکی کەم لە نەختینەی ئەو بانکانە بەکار هێنراوە، ئەویش سروشتی کاروباری بانکییە لە کاتی ڕاپەڕاندنی ئیشوکاری ڕۆژانەدا؛ ئەو ڕەسیدەی کۆ بووەتەوە لە حسابی بانکە ئەهلییەکان لە ئەنجامی مامەڵەکردنی ئەو بانکانە بووە، بەو چەکانەی کە لە هاووڵاتیان و کۆمپانیاکان بە شێوەی چەک وەرگیراوە، نەک بە نەخت."
دەرباره‌ى هۆكارى به‌كارهێنانه‌كه‌ش، وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى وای ڕوون كردووەته‌وه‌‌: "هۆیەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە لای هەموو کەس ڕوون و ئاشکرایە لە ساڵی 2014وە، بەغدا بە ناهەق بەشە بوودجەی حکوومەتى هەرێمی کوردستانی بڕیوە."
Top