روونكردنەوەیەك لە وەزارەتی داراییەوە لەبارەی وەرگرتنی قەرز
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان لەوەڵامی ئەحمەد حاجی رەشید، بڕیاردەری لیژنەی دارایی و ئابووری پەرلەمانی عێراق كە هاوكات سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامیشە، روونیكردووەتەوە كە قەرز نا، بەڵكو بڕێكی كەم لە (سیولەی نقدی) ئەو بانكانە بەكارهێنراوە.
لە روونكردنەوەكەی وەزارەتی دارایی ئاماژە بەوەش كراوە" بەكارهێنانی سویلەی نەقدی بانكەكان سرووشتی كاروباری بانكییە لەكاتی راپەڕاندنی ئیشوكاری رۆژانەدا، ئەو رەسیدەی لە حیسابی بانكە ئەهلییەكانیش كۆبووەتەوە، لەئەنجامی مامەڵەكردنی ئەو بانكانە بووە بەو چەكانەی لە هاووڵاتیان و كۆمپانیاكان بەشێوەی چەك وەرگیراوە، نەوەك بەشێوەی سیولەی نقدی (كاش)".
وەزارەتی دارایی و ئابووری هۆكاری بەكارهێنانی پارەی بانكەكانیشی بۆ بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی عێراق گێڕاوەتەوە و جەختیكردووەتەوە " لای هەموو كەس روون و ئاشكرایە ساڵەكانی (2014 و 2015 ) بەشە بودجەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕدراوە، دوور لە هەموو بنەماكانی دەستووری حكومەتی عێراقی فیدراڵ".
