بەهۆی هەوڵدان بۆ دزینی كامێرایەكی هاتووچۆ تەقە دروست بوو
نەقیب هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر هەواڵەكە پشتڕاستدەكاتەوە و دەڵێت "لە رووداوەكەدا كەسێك بەسەختی برینداربووە".
لەبارەی وردەكاری رووداوەكە، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر گوتی "كاژێر 11ی شەوی رابردوو (18ی تشرینی دووەمی 2015) لە نزیك نەخۆشخانەی رزگاری شاری هەولێر سێ كەس كە "سەرخۆش بوون" هەوڵی دزینی كامێرایەكی پۆلیسی هاتووچۆ دەدەن".
راشیگەیاند "كاتێك پۆلیس پێیاندەزانن تەقە لەنێوان ئەو سێ كەسە و پۆلیسەكانی هاتووچۆ دروست دەبێت، سەرەنجام كەسێك بەسەختی بریندار دەبێت".
گوتی "لەو شەڕەدا كامێرەكەی پۆلیسی هاتووچۆ شكاوەو هاونیشتیمانیەكیش بەناوی "ن. س" بەسەختی بریندار بووە و ئێستاش باری تەندروستی جێگیر نییە".
هۆگر عەزیز باسیلەوەشكرد، ئەو سێ كەسە كە ئۆتۆمبێلێكی جۆری "كامری" رەنگ سپیان پێبووە، تائێستا دەستگیرنەكراون و پۆلیس سەرقاڵی لێكۆڵینەوەیە و لەهەوڵی دەستگیركردنی ئەو كەسانەدایە.
رووداو
