"داوامان كرد پێشمه‌رگه‌ له‌ یاسای شه‌هیدانی عێراق سوودمه‌ند بێ"

فراكسیۆنه‌ كورده‌كانی به‌غدا ئه‌مڕۆ داویان كرد كه‌ له‌ یاسای شه‌هیدانی عێراقدا ده‌بێ ناوی شه‌هیدای پێشمه‌رگه‌یش جێگیر بكرێ.

( نه‌جیبه‌ نه‌جیب) ئەنــدامی كورد له‌‌ لیژنه‌ى ئابوورى‌و وه‌به‌رهێنانى‌ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق به‌ ماڵپەڕى فه‌رمیى پارتیى دیموكراتى كوردستانـی ڕاگەیاند: "پرۆژه‌یاساى هه‌مواركردنه‌وه‌ى ده‌سته‌ى شه‌هیدان له‌ به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنى په‌رله‌ماندا هاتووه‌، تایبه‌ته‌ به‌ شه‌هیدان؛ فراكسیۆنه‌ شیعه‌كان پێشنیاریان کردووە کوشتەی حه‌شدى‌شه‌عبى بکرێتە شه‌هید؛ له‌ دانیشتنێکى په‌رله‌مانیشدا سونه‌كانیش داوایان كردبوو (ئه‌بنا عه‌شائیره‌كان) له‌نێو پرۆژه‌یاساكهدا‌ ناویان بێت و، وه‌كو شه‌هید هه‌ژمار بكرێن تا گشت ماف و ئیمتیازاتى شه‌هید وه‌ربگرن، بۆیه‌ ئێمه‌ش وه‌كو كورد داوامان كرد و، پێشنیارێكمان به‌ ڕه‌زامه‌ندى و واژۆى گشت سه‌رۆك فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان له‌ به‌غدا پێشكه‌ش كردووه‌ كه‌ شه‌هیدانى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ش له‌ شه‌ڕى دژ به‌ تیرۆریستانى داعش به‌ شه‌هید هه‌ژمار بكرێن تاوه‌كو سودمه‌ند بن له‌ یاساى شه‌هیدان له‌ عێراق."
ئه‌و ئه‌ندامه‌ى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق گوتیشى: "به‌یانى ده‌نگدان ده‌بێت له‌سه‌ر پرۆژه‌یاساى ده‌سته‌ى شه‌هیدان ئه‌و پێشنیاره‌ى ئێمه‌ش خراوه‌ته‌ نێو پرۆژه‌یاساكه‌ و، خۆم پێشكه‌شم كرد به‌ سه‌رۆكى لیژنه‌ى تایبه‌تمه‌ند به‌ پرۆژه‌یاساكه‌ و هیچ ڕێگر نه‌بوو، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر یاساكه‌ ده‌نگى پێویستى پێ درا، ئه‌وكات گشت شه‌هیدانى هێزى پێشمه‌رگه‌ له‌ دژى تیرۆریستانى داعش سوودمه‌ند ده‌بن و ماف و ئمتیازات له‌ حكوومه‌تى عێراق وه‌رده‌گرن."
Top