ژاپۆن نووسینگەی خۆی لە ھەولێر دەکاتەوە و دەستخۆشیش لە کوردستان دەکات

 ژاپۆن نووسینگەی خۆی لە ھەولێر دەکاتەوە  و دەستخۆشیش لە کوردستان دەکات
لە سەردانێکیدا بۆ فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان، فۆمیۆ لوای باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق رەزامەندی وڵاتی ژاپۆنی نیشاندا بۆ کردنەوەی نووسینگەی تایبەتی وڵاتەکەی لە ھەولێر .
فۆمیۆ لە سەردانەکەی بۆ ھەرێمی کوردستان لەگەڵ فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان کۆبووەوە و لەمیانەی کۆبوونەوەکەدا، فەلاح مستەفا دڵخۆشی خۆی بۆ ئەم ھەواڵە راگەیاند و گوتی "کردنەوەی نووسینگەی ژاپۆن لە ھەولێر دەبێتە ئاسانکاری بۆ هەماهەنگی زیاتر لە بوارەکانی ئابووری، سیاسی، کەلتووری و پەروەردەیی لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ژاپۆن" .
لە کۆبوونەوەکەدا باری ئابووری و رەوشی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان باسی لێکرا، ھەروەھا سەرکەوتنەکانی ھێزی پێشمەرگە کە لە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنەوەی شەنگال تەوەرەێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.
فەلاح مستەفا داوای لە باڵیۆزی ژاپۆن و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد یارمەتی ھەرێمی کوردستان بدەن بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی شەنگال ، چونکە لەو ١٥ مانگەی شەنگال لە ژێر کۆنتڕۆڵی چەکدارانی داعش بووە، ٦٠%ی شەنگال وێرانکراوە .
"فۆمیۆ لوای" دەستخۆشی لە ھێزەکانی پێشمەرگە کرد بۆ سەرکەوتنە بەردەوامەکانی و ستایشی ھەرێمی کوردستانی کرد بۆ لەخۆگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەکانی سووریا و ئاوەرەکانی عێراق .
فەلاح مستەفا سوپاسی حکوومەتی ژاپۆنی کرد بۆ کارە مرۆییەکانی کە لە ھەرێمی کوردستان کردوویەتی و داوای کرد کە بەردەوامبن لە یارمەتیدانی ھەرێمی کوردستان .










باسنیوز
Top