كاتێك لە ناو حزبە سیاسییەكاندا متمانە بوونی نامێنێت ئەوا ناچار دەبن پەنا ببەنە بەر ئامرازی دیكە

كاتێك لە ناو حزبە سیاسییەكاندا متمانە بوونی نامێنێت ئەوا ناچار دەبن پەنا ببەنە بەر ئامرازی دیكە
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان پڕۆفیسۆر مارك جۆنز تایبەتمەند لە كاریگەریی دامەزراوە سیاسییەكان لەسەر سیاسەتی گشتی گوتى: پێموایە پارتە سیاسییەكان بەردی بناغەی هەر دیموكراسییەكن و هەر دیموكراسییەكیش بۆ ئەوەی سەركەوتووبێت پێویستی بە پارتی چالاك و بەهێز هەیە، بەتایبەتی لە وڵاتانی تازە دیموكراسیدا كە سیستەمی دیموكراسی هێشتا لاوازە، بۆیە زۆر بەسوودە كە دامەزراوە سیاسییەكان سیستەمی پارتایەتی بەڕێوەبردن بە شێوەیەك دابنێن كە هێزە ڕاستەقینەكان و پارتی بەهێز و بەدامەزراوەكراو دروست بكات. ئەمەش لە ڕووی حكوومییەوە بەسوودە، واتە كاتێك ئەو پارتە دەسەڵات وەردەگرێت دەتوانێت وایان لێ بكات، كارایانە كاربكەن.


پڕۆفیسۆر مارك جۆنز هەروەها گوتی: ئەگەر بارودۆخێكی ئاوات هەبوو، ئەوا زۆر خراپە بۆ دیموكراسی، لەبەر ئەوەی ئەگەر پارتەكان متمانەیان بە یەك نەبێت، یان یاساكانی گەمەكە قبووڵ نەكەن، ئەوا هیچ شتێك هەرگیز ناگات بەئەنجام و لەهەڵبژاردندا هەرگیز بونیادی ڕاستەقینەی حكومەت بڕیاری لەسەر نادرێت و پارتەكان لە ڕێی سندوقەكانی دەنگدانەوە كێبڕكێ ناكەن و هەوڵدەدەن لە ڕێی ڕێكارە نادیموكراتییەكانی ترەوە بگەن بە دەسەڵات، بۆیە بارودۆخێكی وا نائارام دروستدەكات كە كۆنتڕۆڵكردنی قورس دەبێت. هەروەها ناسەقامگیرییەكی وا دروست دەكات كە هیچ پارتێك ناتوانێت زۆرینە بێت، یان حكومەتی هاوپەیمانی دروست بكات، بۆ نموونە لە ئەڵمانیا لە ساڵانی سییەكاندا كە بووە هۆی سەرهەڵدانی ئەدۆڵف هیتلەر كە كۆمەنیستەكان لە چەپ و فاشییەكان لە ڕاست و گرووپە دیموكراسییە بچووكەكانیش لەو نێوەدا مابوونەوە.

شايانى باسه مارك جۆنز هەروەها گوتی: زۆربوونی بێمتمانەیی لەنێو پارتەكاندا ئەگەری شەڕی ناوخۆیی زیاددەكات، لەبەر ئەوەی هەر پارتێك هەڵبژاردنەكان بدۆڕێنێت، هەستدەكات پاڵپشتی لە حكومەتدا كەمتر دەبێت و ئەگەری زۆرتر دەبێت كە پەنا بەرێتە بەر ئامرازە نادیموكراسییەكان وەك شەڕی چەكداری، نموونەیەكی زۆرمان هەیە لەم بارەیەوە، وەك ئەنگۆلا و ئەفریقای باشوور كە بینیمان خەڵك چەكی هەڵگرت كە لایەنەكەیان دۆڕاندی، ئەمەش ناسەقامگیری دروست دەكات و ئەو پارتە هەوڵ دەدات كە لەڕێی ئامرازە نادیموكراسییەكانەوە جارێكی دی دەسەڵات بەدەست بێنێتەوە.

لە درێژەی قسەكانیدا جۆنز هەروەها گوتی: ویستی خەڵك كە بە یەكەوە كار لەسەر دیموكراسی بكەن، ئەمەش زۆرجار سەركردایەتی سیاسی و دەوڵەتی دەوێت، ئەو سەركردانەی ئامادەن قوربانی بە بەرژەوەندی خۆیان و گرووپەكەیان بدەن لە پێناو گەلەكەیاندا، نموونەیەكی باش نیلسۆن ماندێلایە كە ئەگەر ئەو نەبووایە ئەنجوومەنی نیشتمانی ئەفریقی دیكتاتۆری دەبوو، هەموو گرووپەكانیشی دەچەوساندەوە، بەڵام ماندێلا بە سەركردایەتی خۆی كاری لەسەر بەرژەوەندیی سیاسی كورتخایەن نەكرد، بەڵكو كاری لەسەر بەرژەوەندی درێژخایەن كرد بۆ دیموكراسی، وەك سەركردەیەك بەرژەوەندییە كورتخایەنەكانی كردە قوربانی بەرژەوەندییە درێژخایەنەكان.

لە كۆتایی قسەكانیدا مارك گوتی: پۆپۆلیزم مەترسییە بۆ دیموكراسی لەبەر ئەوەی سەركردەیەك نوێنەرایەتی دەكات كە پارت و دامەزراوەكان و حكومەت كۆنتڕۆڵ دەكات و لە پێگەی دەسەڵاتەوە حوكمڕانی دەكات و زۆرێك لەو كێشە گرنگانە چارەسەر ناكات كە ڕووبەڕووی وڵات دەبێتەوە، بۆیە هەمیشە سەركردە پۆپۆلیستەكان لە بارودۆخی ئابووری باشدا جەماوەری دەبن، بەڵام لە كاتەكانی تردا هیچیان پێناكرێت. بۆ نموونە لە ئەمریكای لاتین لە ڤەنزوێلا چافێز لەو وڵاتە دەوڵەمەندەدا، بەرزترین ڕێژەی هەڵئاوسانی تۆماركرد. دیموكراسی بۆ ئەوەی سەركەوتوو بێت پێویستی بە پارتی سیاسی هەیە، هەروەها پێویستی بە دامەزراوەی باش و سەركردەی باش و خۆتەرخانكراو هەیە.


بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1050)
Top