لە ناو دیموكراسیدا ئەو گرووپانە جێگەیان نابێتەوە كە بۆ هێنانەدی ئامانجە سیاسییەكانیان توندوتیژی پیادە دەكەن

لە ناو دیموكراسیدا ئەو گرووپانە  جێگەیان نابێتەوە كە بۆ هێنانەدی ئامانجە سیاسییەكانیان توندوتیژی پیادە دەكەن
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان دانیاڵ سەروەر تایبەتمەند لەسەر ناكۆكیی مەزهەبی لە عێراق گوتى: لەم ساتەوەختەدا هیچ پلانێك نابینم بۆ چۆنیەتی چارەسەركردنی مەسەلەی دەوڵەتانی لاواز و شكستخواردوو. مەترسیی راستەقینە لەوەدایە كە سەركەوتنی سەربازی بەسەر داعشدا بە دوای خۆیدا پانتایی حوكمڕانی نەكراوی وا بەجێ بێڵێت كە ببێتە پەناگە بۆ توندڕەوان، جا چ داعش، یان ئەوانی دیكە.

دانیاڵ سەروەر هەروەها گوتی: دەوڵەتی ئیسلامی نزیك بووەتەوە لە گەڕاندنەوەی سنوورەكانی سایكس پیكۆ، نەك تێكشكاندنیان، ئەویش بەوەی كە موسڵ لە ژێر ئینتیدابی فەرەنسادا بووە نەك بەریتانیا. ئەگەر دەوڵەتی ئیسلامی تێكبشكێندرێت، وێنای ئەوە دەكەم كە سنوورەكان بگەڕێندرێنەوە جێی خۆیان، لەبەر ئەوەی هەر شتێك بەدەر لەمە روو بدات، ئەوا دەبێتە هۆی شەڕێكی بەردەوام. بە بۆچوونی من، بارودۆخی ئێستا —نزمبوونەوەی نرخی نەوت و هەڕەشەی داعش و ململانێ ناوخۆییەكانی كوردستان— بە واتای دواخستنی هەر هیوایەكە بۆ سەربەخۆیی كوردستان. بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە بۆ ماوەیەكی دیكەش پارچە پارچە بوونی سووریا (دابەشبوونی رەسمی نا) بەردەوام بێت. هەمان شتیش لەبارەی لیبیا و یەمەنەوە دەڵێم، هەرچەندە لەم دوو وڵاتەدا مەترسییەكانی دابەشبوونی رەسمی زیاترن.

شايانى باسه سەروەر هەروەها گوتی: نەمبیستووە بەرهەڵستییەكی ناوخۆیی گەورە لە وڵاتانی كەندا و شوێنانی دیكە روویدا بێت، پێموایە هەمووان هاوڕان كە داعش مەترسیی جددییە و دەبێت لەناو ببرێت. بە دڵنیاییەوە سعودیە مەسەلەی یەكێتی ناوخۆیی هەیە، بەڵام تا ئێستا نیگەرانی دروست نەكردووە بۆ شەڕكردن لەگەڵ داعش. دڵنیا نیم كە هەمان شت بە تەواوی لەبارەی توركیاوە بڵێم، كە پێدەچێت ئەردۆگان چاوی داخستبێت لە ئاست هەندێك لە گرووپە توندڕەوەكان.

لە درێژەی قسەكانیدا دانیاڵ هەروەها گوتی: وڵاتانی دیموكراسی پێویستیان بە حوكمی یاسا هەیە. لە دیموكراسیدا ئەو گرووپانە جێیان نابێتەوە كە شێوازی توندوتیژی دەگرنەبەر بۆ هێنانەدی ئامانجە سیاسییەكانیان. لە وڵاتانی دیموكراسیدا مەسەلەی جیهادییە توندوتیژەكان، بەگشتی مەسەلەی جێبەجێكردنی یاسایە، نەك كێشەی سەربازی.

لە كۆتایی قسەكانیدا سەروەر گوتی: پێموایە هیچ چارەسەرێك بە بێ ئێران نابێت، بەڵام لە هەمان كاتیشدا رەنگە تەنانەت گەر ئێرانیش لەسەر مێزی گفتوگۆ بێت، ئەوا هەر هیچ چارەسەرێك نەیەتە ئاراوە. پێویستە ئێران لەوە تێبگات كە پاڵپشتیكردنی حزبوڵڵا و بەشار ئەسەد و میلیشیا شیعەكان لە عێراق دەبێتە هۆی درووستكردنی جەمسەربەندیی تائیفی و هەلومەرجێك دێنێتەئاراوە كە داعش تیایدا گەشە بكات. لە ئێستادا رەفتارەكانی ئێران بەشێكە لە كێشەكە، نەك بەشێك لە چارەسەر. بەڵام هێشتا هیچ نیشانەیەك نییە كە تاران دركی بەمە كردبێت.

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1050)
Top